شارپرێس:
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی داواکارییەک ئاڕاستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ستەملێکراوو دایکان و باوکان و خوێندکاران و چین وتوێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت مامۆستایانی سنوری هەولێرو دهۆك دەکات و دەڵێت،" داواکارین ئەمساڵ لێبڕاوانە (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ) ڕەتبکەنەوە و پشتیوانیی تاکۆتایی لە بایکۆتی خۆڕسکانە و هەر هۆکارێکی تری مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان بکەن".
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لەبەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، "ستەم و برسیکردن و شکۆشکاندنی دەسەڵاتی تاڵانکار، هەموو سنورە دینیی و مرۆیی و ئەخلاقییەکانی بەزاندووە، بەدەر لە تیرۆری جەستەیی و کەسایەتیی؛ وا خەریکن لە ڕێی ژەهری نائومێدی و موشەکی دەستی-دەستیپێکردن و ڤاکسینی بێدەنگکردن، یەک بەیەکمان خەڵتانی لەناوبردنێکی سەرشۆڕانە دەکەن".
ئاماژە بەوەدەکەن، "بارتەقای ڕقمان لە بەدکاریی و خوێنساردیی ئەم دەسەڵاتە خوێنمژەی جمکی شەیتانی نەگریس، لە نابەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی حیزبە بەناو ناڕازییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و بەناو ڕۆشنبیران و دەستەبژێران و دادوەران و کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکان و بەناو شۆڕشگێڕانی دێرین و فەرمانبەران و خوێندکاران و کەسوکاریان نیگەران و توڕەین؛ یەقینمان هەیە، هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی ئەم چینوتوێژانە، هۆکاری سەرەکی تەمەندرێژی و پێلێڕاکێشانی زیاتری ئەم دوو حیزبە بەکرێگیراوەیە".
ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە (کە سێبەری ڕەشی کورسی و بەرژەوەندییەکانیان، بەرچاو و بەرویژدانی گرتون؛ بەبێ گوێدانە دۆخی کارەساتباری دارایی مامۆستایان (کە هەم مامۆستان و هەم دایبابی خوێندکار)، ڕێکەوتی ( ٢١/ ٩/ ٢٠٢٥ )یان وەک یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە هەریەک لە مووچەکانی مانگی (٧ و ٨) نەدراوە و چاوبرسێتی و نەوتپەرستی و داهاتدزینی ئاغاکانیان وابکات هەریەک لە موچەی مانگەکانی (٩، ١٠، ١١، ١٢) تەنیا فاتیحە لەسەرخوێندنی ماوە".
ئەنجومەنەکە دەڵێت، "ئێمە پێمانوایە بایکۆت و خۆپیشاندان و هەموو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان، نـــــــــایەکی سەربەرزانەن بۆ ڕەتکردنەوەی (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتووە بەتەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، لەپاڵ فشار و بێباکی دەسەڵاتی قۆرخکار، بەداخەوە دەستبەکڵاوگریی لەڕادەبەدەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆک و پاساوی نابەجێی مامۆستایانی قۆناغی دوانزەیەم و نۆیەکان بووە، کە هیوادەخوازین و داواکارین ئەوانیش ئەمساڵ لێبڕاوانە (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ) ڕەتبکەنەوە و پشتیوانیی تاکۆتایی ڕێ، لەبایکۆتی خۆڕسکانە و هەر هۆکارێکی تری مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان بکەن".
دەشڵێت، "خوێندن و پەروەردە و زانستێک؛ فێری ئازایەتی و هۆشیاریت نەکات، فێرت نەکات داوای مافە زەوتکراوەکانت و دادپەروەری بکەیت، ئەوە تەوق و بەڵایەکە لە گەردنتدا، کە لە هەردوو دنیات جگەلە ماڵوێرانی، هیچی دیکەی لێ بەرهەم نایەت. بۆیە تکادەکەین با بەس بێت، دەستبڵاویی لە بێدەنگی و ملکەچی و بەخشینەوەی نائومێدیی".
