داوایەكی بەپەلە لەئەنجومەنی ئەوروپا كرا...دەبێت ئازادی ئۆجەلان مسۆگەر بكرێت

کوردستان

19/09/2025‌ 760 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەم پارتی داوای لە ئەنجومەنی ئەوروپا کرد هەنگاو بنێت بۆ ناچارکردنی توركیا بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەشڵێت، "بڕیاری مافی هیوا لەدەستی دادگاو ئۆرگانی سیاسیدایە".


ئۆزتورک تورکدۆغان، هاوتەبێژی کۆمیسیۆنی یاسا و مافەکانی مرۆڤی دەم پارتی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبونی 11 ساڵ بەسەر بڕیارەکەی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پێدانی"مافی هیوا"، بەعەبدوڵا ئۆجەلان، تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لەلایەن تورکیاوە نەنراوە،

ئاماژەی بەوەشكرد، "مافی هیوا" دەتوانرێت بەئاسانی ڕێکبخرێت و دەبێت ئازادی ئۆجەلان مسۆگەر بکرێت. دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سزای زیندانی هەتاهەتایی قبوڵ ناکات و بە پێچەوانەی قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ و مامەڵەی سوکایەتیکەر دادەنێت کە لەماددەی "3"ی ڕێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپادا هاتوە.

وتەبێژەكەی دەم پارتی باسی لەوەشكرد، لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا لە ساڵی 2015ـدا داوای زانیاری لە تورکیا کردوە سەبارەت بەو پرسە، و لە ساڵی 2021دا داواکەی دوبارە کردوەتەوە، و ڕاسپاردەی دەرکردوە کە تورکیا جێبەجێی نەکردوە، و لیژنەکە ڕایگەیاندوە کە لە مانگی (ئازار/3) بڕیاری کاتیی دژی تورکیا دەردەکات، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک بەدەستنەهاتوە. 

تورکدۆغان جەختی لەوەکردەوە کە لەئەگەری جێبەجێ نەکردنی "مافی هیوا" لەسەر ئۆجەلان لەمانگەکانی داهاتودا، دەبێت لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا دەست بە ڕێوشوێنەکانی پێشێلکردنی تورکیا بۆ ماددەی "46" - بڕگەی "4"ی ڕێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بکات.

"مافی گەیشتن بە هیوا" بنەمایەکە کە لەلایەن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاوە لەساڵی 2024دا پەسەندکرا، کە بەپێی ئەو بنەمایە حوکمدراوان بەزیندانی هەتاهەتایی مافیان هەیە دوای تێپەڕاندنی 25 ساڵ لەزینداندا ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا، 
 

بەپەلە