شارپرێس:
سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و
حکومەتی ئەحمەد شەرع لە دیمەشق، ماوەی دوو ڕۆژە حکومەتەکەی شەرع گەمارۆی خستوەتەسەر
هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی پارێزگای حەلەب و رێگری دەکات لە
چونەژورەوەی دەرمان و خۆراک، ڕوانگەی سوریش بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشداری لە ڕودانی
کارەساتێکی مرۆیی لە دوو گەڕەکە کوردنشینە دەدات.
ڕوانکەی سوری باسی لەوەکردوە، گەمارۆی حکومەتی شەرع
بۆسەر ئەو دوو گەڕەکە کوردییەی حەلەب دۆخ و گوزەرانی خەڵکی خراپ کردوە، بەتایبەت
کە پێشتر دانیشتوانەکەی ئامادەکارییان بۆ ئەو دۆخە نەکردبوو.
-دەرمان و شیری منداڵان دەستناکەوێت
ڕوانکەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، بەهۆی ئەو گەمارۆیانەوە
نرخی خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان لە شێخ مەسقود و ئەشرەفییە بۆ دوو هێندە
بەرزبوەتەوە، هەندێک دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و شیری منداڵەکان بەشێوەیەکی
نیمچەتەواو لە بازاڕ و دەرمانخانەکان نەماون، ئەوەش گرفتێکی زۆری بۆ ئەو خێزانانە
دروستکردوە کە منداڵ و نەخۆشیان هەیە.
-ئاگربەست کۆتایی بە
گەمارۆ نەهێناوە
سەرباری ئەوەی هێزەکانی
سوریای دیموکرات و حکومەتی ڕاگوزەر لەدیمەشق لەبارەی ئاگربەست و شکاندنی گەمارۆکان
گەیشتنە ڕێککەوتن، بەڵام تاکو ئێستا تاکو ئێستا هێزەکانی ئاسایشی گشتی سەر بە
وەزارەتی بەرگری سوریا رێگە بەچونەژورەوەی خۆراک و سوتەمەنی نادەن و ئاو و کارەباش
لە دانیشتوانەکەی بڕاوە، هەروەها ئەو هێزانە رێگردەکەن لە دەرچون و چونەژورەوەی
هاوڵاتییانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە.
-دانیشتوانەکەی ئاوارە
دەبن
بەپێی وتەی ڕوانگەی
سوری، بەهۆی هەڕەشە و وتاری تائیفی لەدژی دانیشتوانی کوردی شێخ مەقسود و
ئەشرەفییە، بەشێک لە دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە ناوچەکەیان جێهێشیوە و خەڵک ترسیان
لە دوبارەبونەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان هەیە.
محەمەد سەردار