شارپرێس:
سه‌رباریى قه‌ده‌غه‌بونیان له‌عێراق، سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منیى ئاشكرایده‌كات، گروپی قوربان كه گروپێكى مه‌ترسیداره توانیویه‌تى خۆى بگه‌یه‌نێت سنورى پارێزگاى كه‌ركوك‌و ئه‌ندامێكیشیان كۆتایی به‌ژیانى خۆى هێناوه، ده‌زگاى نیشتمانى عێراقیش جه‌ختده‌كاته‌وه، ئه‌و گروپه له‌عێراق قه‌ده‌غه‌كراوه‌و به‌گوێره‌ى ده‌ستوریش، هه‌ركه‌س ئه‌ندامى بێت سزاكه‌ى ئێجگار قورس ده‌بێت.
له‌ڕۆژى 14ى 4ى ئه‌مساڵ، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی 148 ئەندامی گروپی قوربانی ڕاگەیاند، لەنێویاندا یه‌كێك له‌به‌رپرسه‌كانى ڕێكخراوه‌كه هه‌بوو.
له‌و ڕوه‌وه عەبدولکەریم عەبد فه‌زڵ سه‌رۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاندبوو، "نزیکەی 148 ئەندامی بزوتنەوەی قوربان لەپارێزگاکانی بەسرە، موسه‌نا، واست، میسان‌و زیقارر دەستگیرکراون، لەنێویاندا یه‌كێك له‌گه‌وره به‌رپرسانی گروپه‌كه‌ش هه‌یه".
سه‌رۆكى ده‌زگاكه هۆشداریدابوو لەوەی، گروپى قوربان، مەترسی گه‌وره لەسەر کۆمەڵگه‌ى عێراقیى به‌گشتیى دروستدەکات، به‌تایبه‌ت كه بەردەوام له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دەردەکەون‌و گەنجانێکی زۆر پەنایان بۆ دەبەن، هەرچەندە هەندێکیان بەخۆکوشتن کۆتای‌یان دێت.
گروپی قوربان ترسێكی گەورەى لەپارێزگا شیعەنشینەكانی باشوری عێراق دروستكردوه، لەكۆبونەوەكانیاندا ڕێوڕەسمی دڕندانەی خۆكوژی بەناوی قوربانیكردن بۆ ئیمام عەلی ئەنجامدەدەن‌و میوزیكی ترسناكی دەنگ بەرز لەشێوەی ڕاپ لێدەدەن، دەزگا ئەمنییەكانیش بەگروپێكی لادەر دەیانناسێن‌و شوێنكەوتوانیان دەستگیردەكەن.
دواى بێده‌نگییه‌كى زۆرى گروپه‌كه به‌هۆى توندیى ڕێوشوێنه ئه‌منیه‌كانه‌وه له‌دژیان، به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منیى له‌سنورى پارێزگاى كه‌ركوك سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه.
گروپی قوربان بناسه چییه‌و كێن؟
دەرکەوتنی یەكەم چالاکیی گروپی قوربان لەمانگی ئایاری ساڵی 2023 بوو، ئەوكاتیش ترس‌و دڵەڕاوکێیەكی زۆری بۆ خەڵكی عێراق، بەتایبەتی پارێزگاكانی باشور دروستكرد، كە بەئاشکرا ئەو گروپە لەماڵ‌و مزگەوتەکاندا بانگەشەیان بۆ خۆكوشتن دەكرد، وەكو قوربانییەك بۆ (ئیمام عەلی).
ئەندامانی ئەو گروپە باوەڕیان بەوە هەیە، کە ئیمام عەلی شایەنی ئەوەیە خۆیان‌و گیانی خۆیانی بۆ بەختبکەن، بۆ ئەوەی لێی نزیک ببنەوە، ئەو گروپە لەزۆربەی شارەکانی باشوری عێراق بونى هەیە، بەڵام لەناوچەی ئەلریفای‌و سوق ئەلشیوخ لەزیقار ژمارەیان زۆرەو بەپێگەی یەكەمی ئەو گروپە دادەنرێت، بەڵام تائێستا هیچ شتێک لەلایەن میدیا‌و هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە لەبارەی سەرکردەکانی ئەو گروپە، وەكو دانپیانانی خۆیان ئاشکراو بڵاونەکراوەتەوە.
لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، ماوەیەكە شوێنكەوتوانی ئەو گروپە زۆرتربونەو لەپارێزگاکانی میسان‌و بەسرەو قادسیەو (دیوانیە)یشەوە دەركەوتون، چالاکییە گشتییەکانیان وەکو شەق لێدان‌و لێدانی سەر بەتوندیی‌و خۆكوژیی بۆ ئیمام عەلی ئەنجامدەدەن، لەگەڵیشیدا گۆرانییەکانیان ترسناكەو لەمۆسیقای ڕاپ دەچێت، تیایدا باس لەخودا وەكو خودای ئیمام عەلی دەكەن.
پێشتریش له 16ی حوزەیرانی 2024، پۆلیسی شاری دیوانیە کەسێکیان دەستگیرکرد کە بەوتەی پۆلیس، بەرپرسێکی ئەو گروپە بوەو بەرەو شاری کەربەلا ڕۆیشتوە، بەڵام كەسەكە ناوی ئاشکرانەکراوە، تەنها دانی بەوەداناوە، کە دوو کەسی وەک پێشکەشکردنێک بۆ خودا كوشتوە.
پێشئەوەش پۆلیسی زیقار، دەستگیركردنی شەش ئەندامی ئەو گروپەی بەتۆمەتی ڕازیکردنی سێ لەشوێنكەوتوەكانی (گروپی قوربان) بۆ خۆکوشتن دەستگیركردوە، ئەمەش ترسی لەناو خەڵكی ئەو پارێزگایە دروستکردبوو، بەتایبەتی کە خۆکوشتن بەو شێوە ترسناكە ئەنجامدەدرێت‌و مەراسیمی بۆ ڕێكدەخرێت.
پێشتر میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردبوه‌وه، لێکۆڵینەوەکان سەلماندویانە، کە هەندێک لەخۆکوژەکان ئالودەی مادە هۆشبەرەکانن، یان تێوەگلاون لەگەڵ دۆسیەی تاوانکاریی ئابڕوبەرانەو بەو شێوەیە تاوانەكانیان لەبیری خەڵك دەبه‌نەوە.
لەچەند مانگی ڕابردوى ئه‌مساڵدا له‌شارەکانی باشوری عێراق، نزیکەی 12 حاڵەتی خۆکوشتنی ئەندامانی ئەو گروپە له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌وه تۆماركران‌و زۆربەی ئه‌وكه‌سانه‌شى كۆتاییان به‌ژیانى خۆیان هێنابوو، پەیامی نوسراویان له‌دواى خۆیان بەجێهێشتوە کە باس لەوەدەکەن، "پێشنیازكرابون وەكو قوربانیی بۆ ئیمام عەلی"، پۆستەکانیشیان لەسەر "تیک تۆک" یان ئەپڵیکەیشنی هەندێک لەسەرکردەکانیان بەناوو نازناوی سەیرەوە داناوە، وەک (خزمەتکار، قوربان ئیبن ئەلحەسەن، ئەبو لیۆو ئەبو قەمبه‌ر).
توێژه‌رانى ده‌رونى‌و كۆمه‌ڵایه‌تى‌و ته‌نانه‌ت سیاسییه‌كان‌و خودى ده‌زگا ئه‌منیه‌كانیش، ترسیان لەفراوانبونی ئەو گروپە نه‌شاردوه‌ته‌وه، بەتایبەت کە هەرزەکاران به‌كارده‌هێنرێن‌و وایان لێده‌كرێت ئه‌وكاره پاداشتى گه‌وره‌ى له‌لاى خودا هه‌یه.
وەكوو باسدەكرێت، ئەو گروپە لەسۆشیال میدیادا ڕێکخراوێکی ڕون‌و کەناڵ‌و پەیجی هەیەو بەشێک لەسیمبول‌و سەرکردەکانیش گرنگییەکی زۆریان پێدەدرێت.
دوو سەرچاوەی ئەمنی لەپارێزگای زیقاره‌وه ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه، نزیکەی دوو هەزار کەس لەپارێزگاکانی زیقارو دیوانیە سەر بەگروپی قوربانن، هەروەها ڕێنمایی دەرچوە بۆ کۆتاییهێنان بەو گروپە لەڕێگەی یاسایی‌و ئەمنییەوەو ئێستا وه‌كو گروپێكى یاساغ‌و قه‌ده‌غه‌كراو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت‌و زانیارییش له‌باره‌ى هه‌ر ئه‌ندام‌و به‌رپرسێكى گروپه‌كه‌وه هه‌بێت، ئیجرائاتى توندى یاسایی‌و ئه‌منییان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
وه‌كو باسده‌كرێت، كاتێك به‌رپرسانى گروپه‌كه هه‌رزه‌كارێك ده‌گه‌یه‌ننه ئه‌و بڕوایه‌ى كۆتایی به‌ژیانى خۆى بهێنێت، کۆبونەوەكە هاوشێوه‌ى پرسه لێده‌كه‌ن‌و مۆسیقایه‌ك به‌دەنگێكى بەرز لێدەدەن‌و دەستەواژەو دروشمى دوبارە دەڵێنەوە بۆ هه‌رزه‌كاره‌كه‌و هانى ده‌ده‌ن بۆ خۆكوشتن‌و كۆتاییهێنان به‌ژیانى، ئه‌وه‌ش وەک پێشکەشکردنێکى ژیان بۆ ئیمام عەلی.
گروپی (قوربان) به‌وه ناسراوه كه گروپێكی توندڕەوی پەیڕەوكارانی شیعەیەو خۆیان بەختدەكەن لەپێناو ئیمام عەلی، ئەو گروپە لەڕێگه‌ی خۆكوژییەوە (وەلائی) خۆیان بۆ ئالوبەیتی پێغەمبەر (د.خ) دوپاتدەكەنەوە.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى شه‌فه‌ق نیوز بڵاویكردوه‌ته‌وه، لەقەزای داقوق، لێكۆڵینەوە لەخۆكوشتنی گەنجێك كراوە، دەركەوتوە لەڕێگه‌ی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پەیوەندیی بەگروپی (قوربان)ه‌وه كردوەو كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە، ئەوه‌ش به‌یەكەم حاڵەت لەكەركوك هه‌ژمارده‌كرێت كه ئه‌ندامى ئه‌و گروپه بونى هه‌بێت‌و خۆكوژیش تۆماربكرێت.
دەستوری عێراق سەرهەڵدانی ئەو گروپانە بەتاوان دەزانێت‌و سزای دامەزراندنی، یان سەر بەدامەزراوەکەی دەگاتە زیندانی هەتاهەتایی، یان لەسێدارەدان به‌گوێره‌ى بڕگەکانی مادەی ژمارە 372ی یاسای سزادانی ژمارە 111ی ساڵی 1969، هەروەها به‌گوێره‌ى مادەی حەوتەمی دەستورى هه‌میشه‌یى عێراق، هەموو گروپێك یان ڕێبازێک کە ڕەگەزپەرستی بگرێتەبەر، تیرۆر، ناپاکی، یان پاکتاوکردنی تائیفی قەدەغەیە.
