شارپرێس:
هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) رایانگەیاندووە بەنیازی زیندووکردنەوەی وتووێژە ئەتۆمییەکانن لەگەڵ ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن کە تاران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بوەستێنێت.
ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەختیان کردۆتەوە کە کاراکردنی میکانیزمی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان ڕەوا و پاساودارە، جەختیشیان کردۆتەوە کە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاشتیی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان لە 28ی ئەیلولدا دووبارە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، دوای شکستهێنانی وتووێژەکان، کە ئەم سزایانە قەدەغەکردنی چەک و ڕێوشوێنی ئابووری دەگرێتەوە.
سەرەڕای پێداگری وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر چارەسەری دیپلۆماسی، تاران لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە ئامادە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان.
سەرچاوەی قەیرانەکە دەگەڕێتەوە بۆ کشانەوەی واشنتۆن لە ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی 2015، کە ئەمەش پاڵی بە ئێرانەوە نا پابەندییەکانی کەم بکاتەوە و پیتاندنی یۆرانیۆم فراوان بکات، ئەمەش گرژییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوادا زیاتر کرد.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
