پەیوەندیی لەنێوان هەوای پیس‌و درەنگ گەشەکردنی مێشکی کۆرپەلە چییە؟

تەندروستی

22/10/2025‌ 1067 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن توێژەرانی پەیمانگه‌ی تەندروستیی جیهانیی بەرشەلۆنە ئەنجامدراوە  پەیوەندییەکی نیگەرانکەری لەنێوان بەرکەوتنی دووگیانان بەپیسبونی هەواو خاوبونەوەی پرۆسەی پێگەیشتنی مێشکی کۆرپەلە تازە لەدایکبوەکاندا ئاشکراکردوە.


توێژینەوەکە کە بەهاوکاری نەخۆشخانەی دێل مارو سەنتەری توێژینەوەی پەتایی‌و تەندروستیی گشتی ئەنجامدراوە، ئاشکرایکردوە، بەرکەوتنی دایکان بەئاستێکی بەرزی تەنۆلکە وردەکانی هەڵگیراو لەهەوادا "PM2.5" لەکاتی دووگیانیدا، دەبێتە هۆی خاوبونەوەی پرۆسەی مایەلینیزاسیۆن (myelination) لەمێشکی کۆرپەلە تازە لەدایکبوەکانیاندا، کە پرۆسەیەکی بایۆلۆژی گرنگەو پەیوەندییە دەمارییەکان دادەپۆشێت بۆ بەرزکردنەوەی کارایی گواستنەوەی زانیارییەکان.

تەنۆلکە وردەکانی "PM2.5" بەبچوکییەکی زۆر ناسراون، قەبارەیان نزیکەی 30 جار کەمترە لەئەستوری قژێکی مرۆڤ‌و لەتێکەڵەیەک لەپیسکەرەکانی ئەنجامی سوتان‌و پێکهاتە ئەندامییە ژەهراوییەکان، لەگەڵ توخمە سەرەکییەکان وەک ئاسن‌و مس‌و زینک پێکدێن.

توێژینەوەکە پشتی بەچاودێریکردنی کۆمەڵێک ژنی دوگیان لەسێ نەخۆشخانەی گەورەی بەرشەلۆنە بەستوەو 132 کۆرپەلەی تازە لەدایکبوو پشکنینی پشکنینی وێنەگرتنی موگناتیسی (MRI)  پێشکەوتویان بۆکراوە لەماوەی یەکەم مانگدا بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی پێگەیشتنی مێشکیان لەڕێگەی پێوانەکردنی پێشکەوتنی پرۆسەی مایەلینیزاسیۆن، چونکە ئەنجامەکان پەیوەندییەکی ڕونیان لەنێوان بەرکەوتنی زۆر بەتەنۆلکە وردەکان لەکاتی دوگیانیداو کەمبونەوەی ئاستی مایەلینیزاسیۆن لەمێشکدا نیشانداوە.

لەلای خۆیانەوە، توێژەران هۆشداریانداوە کە هەر تێکچونێک لەخێرایی پێگەیشتنی مێشک، جا خاوبونەوەیەکی زۆربێت یان خێراکردنێکی نائاسایی بێت، لەوانەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستیی دەماری‌و تواناکانی ناسین  (cognitive abilities)ی منداڵان هەبێت لەقۆناغەکانی دواتری ژیانیاندا.

ئەو توێژینەوەیە ئاسۆیەکی نوێ دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لەخێرایی گونجاوو باشی پێگەیشتنی مێشک لەکاتی دوگیانیداو ڕۆڵی دایک‌و وێڵاش وەک هێڵی بەرگری سروشتی بۆ پاراستنی گەشەی دەماری کۆرپەلەو تیشکدەخاتەسەر پێویستی کۆنترۆڵکردنی پیسبونی هەوا بۆ پاراستنی تەندروستیی نەوەکانی داهاتوو.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی 

بەپەلە