ئیسرائیل عێراق دەخاتەسەر نەخشەی مەترسیی‌و هۆشداریی لەجەنگێکی نوێ لەناوچەکەدا لێدەدرێت

عیراق

04/11/2025‌ 2813 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جەواد دەهلەکی لیوای خانەنشین‌و شارەزای سەربازیی، هۆشدارییداوە لەبارەی پەرەسەندنەکانی ئەمدواییەی ناوچەکەو مامەڵەی جدیی ئیسرائیل لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی لەعێراقەوە سەرچاوە دەگرن، هەروەک مەترسی کرانەوەی گۆڕەپانێکی نوێی جەنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


دەهلەکی لەلێدوانێکدا بۆ "بەغداد ئەلیەوم" وتویه‌تى، "ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان دەربارەی ئامادەکارییە سەربازییە چڕەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشانەی لەعێراقەوە سەرچاوە دەگرن، تێگەیشتنی تەلئەبیب پیشاندەدات لەڕۆڵی گۆڕەپانی عێراق لەچوارچێوەی "بەرەی مقاوەمە" بەسەرۆکایەتی ئێران.

هەروەک  ئاماژەی بەنیگەرانییەکانی ئیسرائیل کردوە لەتوانای میلیشیا عێراقییەکان بۆ بەکارهێنانی موشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ لێدانی ئامانجەکان لەقوڵایی خاکی ئیسرائیل.

دەهلەکی جەختیکردوه‌ته‌وه‌، عێراق بوەتە بەشێک لەهاوکێشەی ڕەدعی هەرێمایەتی، هەر گرژییەکی نوێ ڕەنگە ڕێگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی گشتگیر بکاتەوە کە چەندین وڵات‌و بەرەی لێ بێتە ئاراوە، هەربۆیە داوای لەلایەنە نێودەوڵەتییەکان کردوە بەپەلە جوڵە بکەن بۆ ڕێگریکردن لەخزانی ناوچەکە بۆ ناو ململانێیەکی کراوە.

لەکۆتاییدا ئەو شارەزا سەربازییە عێراقییەوە ئاماژەی بەوەکردوە، قۆناغی داهاتوو زیاتر ئەگەری گرژیی‌و ئاڵۆزی تێدایە، بەتایبەت لەگەڵ زیادبونی توانای میلیشیا عێراقییەکان بۆ کاریگەری دانان لەسەر هاوکێشەی ململانێ هەرێمایەتییەکان.