سودانی پێدانی قەرز بەژنان ڕادەگەیەنێت

عیراق

05/11/2025‌ 278 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد شیاع سودانی، دەستپێشخەرییەک بۆ پێدانی قەرزی ئاسانکاری بەژنان ڕادەگەیەنێت و  دەڵێت، دەتوانن بەمەبەستی دامەزراندنی پڕۆژەی بچوک و مامناوەند سودی لێوەربگرن.


نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، دەستپێشخەریی (بصمە) بەهاوکاری لەگەڵ کۆمەڵێک بانکی نیشتمانی ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی پتەوکردنی بەشداریی ژنانە لەژیانی ئابوریداو کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، حکومەت جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەشداریکردن لەم دەستپێشخەرییەدا لەچوارچێوەی مەرجی ئاسانکاردا دەبێت کەڕەچاوی تایبەتمەندی پڕۆژە بچوک و مامناوەندەکانی ژنان دەکات.

دەستپێشخەرییەکە پاڵپشتیی دارایی بۆ چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری ژنان دابین دەکات، کە پێکهاتون لەپڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکی ماڵەوە، پڕۆژەکانی دورمان، بازرگانی ئەلیکترۆنیی بچوک، کشتوکاڵ، ناوەندەکانی خزمەتگوزاریی ژنان، باخچەی ساوایان، بوارە جیاوازەکانی دیزاین.

سەرۆک وەزیران لەبارەی دەستپێشخەرییكەوە  ڕایگەیاندوە، کە حکومەت، شانبەشانی پێدانی قەرزەکان، سەکۆی مەشق و ڕاهێنان و پاڵپشتی و ڕاوێژکاری بۆ پڕۆژە جیاوازەکان دابین دەکات.

سودانی دوپاتیشیکردەوە کە بایەخێکی لەپێشینە بەکەرتی ژنان دەدات و پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای ژنان یەکێکە لەگرنگترین بڕیارەکان لەم بوارەدا.