عێراق فڕۆکەی هەڵگری موشەکی ئەتۆمی دەکڕێت

عیراق

05/11/2025‌ 543 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەحکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی، عێراق نزیکە لەواژۆکردنی ڕێککەوتنێک بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی "ڕافاڵ"ی فەڕەنسی، کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، "دوای دانوستان، دوایین ڕێککەوتن لەسەر تەواوکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان عێراق و فەڕەنسا بۆ هەناردەکردنی فڕۆکەی جەنگی (ڕافاڵ) کراوە، کە درێژییەکەی 15.27 مەترە و بەرزییەکەشی 5.34 مەتر دەبێت، کێشیشی زیاتر لە دە تەن و توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی بە موشەکی  ASMP-A هەیە ."

باس لەوەشکراوە، لایەنەکان لەسەر کاروباری دارایی، خشتەی پێدانی پارە و کاتی سەرەتایی ڕادەستکردنی فڕۆکەکان ڕێککەوتون.

ئەم ڕێککەوتنە، کە نرخەکەی زیاتر لە 3 ملیار دۆلارە، وەک سەرچاوەکە ئاماژەی پێدا، هێزێکی بەرگری زیادە بە سیستەمی ئاسایشی عێراق دەبەخشێت بۆ پاراستنی سنوورەکانی و بەهێزکردنی توانای ئاسمانی، لە هەمان کاتدا سوود لە نرخی گونجاوتر لەچاو پێشنیارەکانی دیکە وەردەگرێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی