نەتەوە یەكگرتوەكان بڕیار لەپرۆسەی هەڵبژاردن دەدات

عیراق

11/11/2025‌ 1519 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق دەڵێت، لەپرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رازین.

 
محەممەد حەسان، نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق لەکۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبەغدا ڕایگەیاند، ئەندامانی تیمەکەی "نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەسەر هەموو پارێزگاکاندا دابەش دەبون".
 
حەسان ئاماژەی بەوەشکرد، "دڵخۆشم بەم پێشوازییەی هاوڵاتییان و ئەم ڕێکخستنە باشەی کۆمیسیۆن". وتیشی، " ئەوەی ئەمڕۆ و لەڕۆژی دەنگدانی تایبەتدا بینیمان، بەڵگەیە لەسەر هەوڵەکانی کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی رێکخراو."
 
نێردەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان دەشڵێت،" ئەمڕۆ ئاهەنگێکی دیموکراسییە بۆ هەموو گەلی عێراق بۆ ئەوەی بەئازادی نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن؛" ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئەمڕۆ عێراقییەکان دووپاتیان کردەوە، دەنگی هاوڵاتیی عێراقی سەرچاوەی رەوایەتییە و بەشداریی هۆشیارانەش بنەمای چەسپاندنی دیموکراسییە لە وڵات، هەروەها بنەمای بەهێزکردنی متمانەیە بە دامەزراوەکان."
 
محەممەد حەسان وتی، یونامی لەماوەی دوو دەیەی ڕابردودا رۆڵی لەبەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هەبووە و ئاماژەی بەوەشکرد،" ئێمە لەنەتەوە یەکگرتوەکان زۆر رازین لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئێستا و دڵنیاین هەموو لایەنە سیاسییەکان پارێزگاری لەکەشێکی ئارام دەکەن و رێز لەهاوڵاتیی عێراقی و ئیرادەکەی دەگرن، دوا تەواوبونی پرۆسەکەش چاودێری سکاڵاو تانەکانی هەڵبژاردن دەکەین."  
 
بەوتەی حەسان وتی،" گەلی عێراق شایەنی رێز و پێزانینە بۆ ئەو هۆشیاری و بەرپرسیارێتییەی لەم رۆژە و پێشتریشدا نیشانیان داوەو ئەمەش گەواهیدەری پێگەیشتویی سیاسییە."
 
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق ڕاشیگەیاند، "نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ عێراق و گەلەکەی دەمێنێتەوە و پشتگیریی رێڕەوەکەی دەکات بەرەو بەدیهێنانی کەشێکی ئارامتر و سەقامگیرتر."