مەسرور بارزانی لەدوای كۆتایهاتنی هەڵبژاردن پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

11/11/2025‌ 245 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەدوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، پرۆسەكە بەسەركەوتویی ئەنجامدراو  خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەركی نیشتیمانی خۆیان بەجێگەیاند.


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكدا ڕایگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرکەوتویی کۆتایی هات. پیرۆزبایی لەخەڵکی عێراق بەگشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی دەکەم و سوپاسییان دەکەم کە بەشداریان لەم پرۆسەیەدا کرد و ماف و ئەرکی نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ کرد.

هەروەها  لەپەیامەكەیدا هاتوە، سوپاسی کۆمسیۆنیی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هێزە ئەمنییەکان لەئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە دەکاتبۆ سەرخستنی پرۆسەی دەنگدان و ڕۆڵی بەرپرسیارانەیان لە پاراستنی  ئاسایش و سەلامەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن. 

مەسرور بارزانی پەیامێكیش ئاڕاستەی لایەنەكان دەكات و دەڵێت، هیوادارم بەئەمانەتەوە، ڕێز لەدەنگی دەنگدەران بگیرێت. هەروەها ئەو نوێنەرانەی متمانەی دەنگدەران بەدەست دەهێنن ، نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن و داکۆکی لەمافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشت هاوڵاتییانی عێراق بکەن .   

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كەئومێدەوارە سەردەمێکی نوێ لەعێراقی فیدراڵ و دیموکرات بۆ بەدیهێنانی هەموو مافە ڕەواکانی دەست پێ بکات.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ دەنگدانی گشتی لەسەرانسەری عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.