عێراق وەرگرتنی گومرگی پێشوەختە لەدەروازەكاندا جێبەجێدەكات...هەرێمیش دەگرێتەوە

کوردستان

25/11/2025‌ 507 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی نوسراوێکی دەستەی گومرگی عێراق، بەپشت بەستن بەرێکارەکانی دەستەكە، گومرگی پێشوەختە لەدەروازە سنورییەکانی عێراق و هەرێمی كوردستان  دەستپێدەكات و جەخت دەكاتەوە، لەسەرەتای ساڵی تازەوە بەتەواوی جێبەجێدەكرێت.


بەگوێرەی نوسراوێکی دەستەی گومرگی عێراق، كەسەر بەوەزارەتی گواستنەوەی عێراقە كەتێیدا هاتوە، ئەو رێکارە بەهاوئاهەنگی دەبێت لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق، کە کۆمپانیاکانی هاوردەکار لەڕێگەیەوە دۆلار بە رخی فەرمی دەکڕن بۆ هاوردەکردنی کاڵاکانیان.
 
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو رێکارە پشتبەستوە بەزانیارییەکانی ناو سیستمی ئەسیکۆ، کە سیستمێکی جیهانیی تایبەتە بەیەکخستنی زانیاریی بازرگانی و لەعێراق جێبەجێ دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان نەچوەتە نێو ئەو سیستمەوە.
 
بەگوێرەی نوسراوەكەش، لەیەکی کانونی یەکەمەوە هیچ بڕە دۆلارێک بۆ هاوردەکردن حەواڵە ناکرێت، ئەگەر هاوردەکار زانیاریی پێشوەختەی گومرگ نەداتە بانک. دەبێت ئەو زانیارییە لەسیستمی ئەسیکۆدا پەسەند کرابێت و ناکرێت سروشتی کاڵای هاوردەکراو بگۆڕدرێت و لەدەروازەکان دەپشکنرێت.

بڕیارە لە ساڵی نوێوە بڕی گومرگی کاڵای هاوردەکراو، کە لەسیستمی ئەسیکۆدا تۆمار کراون وەربگیرێت.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لەسەرەتای مانگی تشرینی دوەمەوە لەعێراق کار بەوەرگرتنی 5%ی بەهای کاڵای هاوردەکراو دەکرێت وەک باج و لەوەشدا پشت بەو زانیارییە دەبەسترێت کە لەسیستمی ئەسیکۆدا تۆمار کراوە.