ئاڵدار خەلیل: تورکیا وەک قەیوم سوریا بەڕێوەدەبات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 102 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە ڕایگەیاند، ڕۆڵی تورکیا لە سوریا ئاشکرایە. لە ساڵی ٢٠١١ و لە دەستپێکی شۆڕشەوە، تورکیا ڕاستەوخۆ هاتە ناو سوریاوە. ئەو گرووپانەی کە خۆیان وەکو "ئۆپۆزیسیۆن" پێناسەدەکرد، خستنیە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بەناوی ئەوانەوە دەستی وەردەدایە سوریا.

ئاڵدار خەلیل بۆ ئاژانسی فوڕات دەڵێت، ئەم دەستوەردانانە تەنها لە گۆڕەپانی سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسیدا نەمایەوە. گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە گۆڕەپانەکەدا چالاکن و بەشێک لە جوگرافیای سوریایان بەکردەیی داگیرکردووە. دەوڵەتی تورک گەیشتووەتە ئاستێک کە لە سوریا هەر گۆڕانکارییەک ڕووبدات، تەنها بە "بەڵێ"ـی خۆی قبووڵی دەکات. لە بنەڕەتدا خۆی وەک قەیومێک لە سوریا جێگیرکردووە و سوریا بەڕێوەدەبات.  

هەروەها خەلیل ڕونیکردەوە،  بەڵێ، ئەمڕۆ شەرع و گرووپەکەی دیمەشق بەڕێوەدەبەن؛ بەڵام ناتوانن سەربەخۆ بڕیاری چارەنووسساز بدەن. تاوەکو تورکیا نەڵێت "ئەمە بکەن"، ناتوانن هەنگاو بنێن. تورکیا هەر لە گۆڕەپانی سەربازییەوە بیگرە تا دەگاتە ژێرخانی تەکنیکی، لە گەلێک بابەتدا ڕاستەوخۆ دەستوەردان دەکات. دەڵێت "ئێمە سەربازان و سوپاکەتان پەروەردە دەکەین". سیستەمی ئینتەرنێت و تەلەفۆنی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. میکانیزمە ئەمنییەکان کۆنترۆڵ دەکات، دەستێوەردانی ئابووری دەکات. هەرخۆی بەشێک لە جوگرافیاکەی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. تورکیا دەیەوێت سوریا بگۆڕێت بۆ سیستەمێک کە درێژکراوەی خۆی بێت.

دەشڵێت، کاتێک گەلی سوریا هەوڵدەدات کێشە ناوخۆییەکانیشی چارەسەر بکات، ڕێگری دەکات. بۆ نموونە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی سوریا نییە، کەچی لە وەزیری دەرەوەی سوریا زیاتر لێدوان لەسەر سوریا دەدات. کاتێک سەیری لێدوانەکانی ڕۆژانەی دەکەین، ئەگەر لێدوانێک لەسەر ڕۆژەڤی ناوخۆی تورکیا بدات، دوو لێدوان لەسەر سوریا دەدات. ئەم دۆخە بە ڕوونی ئاستی دەستوەردانەکە نیشاندەدات. 

ئەو سەرکردەیەی پەیەدە زیاتر ڕونکردنەوە لەبارەی ڕۆڵی تورکیا لەسوریا دەدات، دەڵێت، تورکیا خۆشی لە پرۆسەیەکدایە. ڕێبەر ئاپۆ لە باکووری کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کێشەی نێوان کورد و تورک دەستپێشخەرییەکی کردووە. ئەم پرۆسەیە تا ئاستێک چووتە پێشەوە. دەوڵەتی تورکیش لەناوخۆیدا دەڵێت کە بەرامبەر بەم پرۆسەیە هەستیارە و دەیەوێت بچێتە پێشەوە. بەڵام لێرەدا ناکۆکییەکی جددی هەیە. لە لایەکەوە دەگوترێت، "من ئامادەم پرسی کورد لەگەڵ کورد چارەسەر بکەم"، لە لایەکی ترەوە لە سوریا ڕێنادرێت کە پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئەگەر بەڕاستی خواستی چارەسەری ئەم پرسە لە باکوور هەبووایە، ئەوا پشتیوانی لەو یەکێتییەش دەکرا کە لە سوریا هەوڵدەدرێت بنیات بنرێت، هاوکارییان دەکرد و هەوڵی تێکدانی ئەم پرۆسانەیان نەدەدا."