كوردو سوننه‌ خۆیان یه‌كلاكرده‌وه‌.. مالیكى ده‌ستپێشخه‌ریكى سودانى ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3815 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

كاندیدێكى ده‌رچوى ده‌وڵه‌تى یاسا بۆ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایده‌كات، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى محه‌مه‌د شیاع سودانى-یان ڕه‌تكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت به‌پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران.

ئیبتیسام هیلالی كاندیدى ده‌رچوى هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دژی نوێکردنەوەی ویلایەتی دوەمی محه‌مه‌د شیاع سودانین‌و ئەو دەسپێشخەرییەش تەنها هەوڵێکە بۆ مانەوەی ئەو لەپۆستەکەیدا.

بەوتەی هیلالی، هۆکاری ڕەتکردنەوەی سودانی بۆ چەند پرسێک دەگەڕێتەوە، لەوانە: بڕیارە نادروستەکان، دەستێوەردانی دەرەکی لەکاروباری ناوخۆو تێکچونی دۆخی ئابوری وڵات.

هیلالى جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سورە لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، بۆ ئه‌مه‌ش لایەنە کوردی‌و سوننەکانیش پشتگیریی لەمالیکی دەکەن".

هاوپەیمانییەکەی سودانی دەسپێشخەرییەکی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی گەورەترین کوتلە پێشکەشکردبوو، کە پشت بەتەوافوقی ناوخۆیی‌و پێوەرەکانی وەک ئەزمونی جێبەجێکردن دەبەستێت، ئەوە جگە لەقورسایی هەڵبژاردن لەحاڵەتی نەبونی سازان لەناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بەڵام هیلالی دەڵێت، "بڕیاری کۆتایی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دوای یەکەم کۆبونەوەی پەرلەمان‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دەمێنێتەوە".