شارپرێس:
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ دیک پایلویک، بەرپرسی گروپی سەربازی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە، لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەت تێیدا ئامادەبوو وەزیری پێشمەرگە پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی لە بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری کرد هیوای خواست ساڵی نوێ ساڵی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئارامی بێت بۆ گەلی کوردستان و گەلانی جیهان و دەربارەی بەرنامەی کاری پێکەوەیی نێوانیان بۆ ساڵی ٢٠٢٦ گفتوگۆیان کرد، دۆخی ئەمنی عێراق و هەرێمی کوردستانیان پێکەوە تاوتوێ کرد.
هەروەها وەزیری پێشمەرگە وتی ‘’هیوادارین لە ساڵی نوێدا هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان فراوانتربکرێت’’.
لای خۆیەوە کۆڵۆنێل پایلویک، بە گرنگیەوە باسی لە ئامادەسازییەکان کرد بۆ ساڵی نوێ هەروەها بەرنامەی کاری پێکەوەییی دووپاتکردەوە. بەڵێنی پشتیوانی و پاڵپشتی بەردەوامی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.