عێراق ماڵئاوایی لەغازی ئێران دەکات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 246 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی میدیای ئەمریکی، ڕاگرتنی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق نابێتە بەربەستێکی ڕاستەقینە بۆ کارکردنی وێستگەکانی کارەبا، ئەوەش بە دوایین هەنگاوی بەغدا بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی وزەی ناوخۆ و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تاران دەبێت.

تۆڕی ئۆیل پرایس کە بنکەکەی لە ئەمریکایە لە ڕاپۆرتێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، بڕیارەکەی ئێران بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراق، لەکاتێکدا وەک هەنگاوێکی "دراماتیک" دەردەکەوێت، لەڕاستیدا ڕەنگدانەوەی ستراتیژییەکی  عێراقییە بۆ گواستنەوە بۆ بەدیلەکانی ناوخۆ و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی وزەی زیاتر.

تۆڕەکە ڕوونیشیکردەوە، پچڕانە لەناکاوەکەی دابینکردنی غاز چاوەڕواننەکراو نەبووە، بەڵکو دەچێتە چوارچێوەی پشتبەستنی عێراق لەم دواییانەدا بە هاوردەکردنی بەبڕی کەمتر، ئەمەش وایکرد بەغدا هەنگاوی لۆژیکی داهاتوو بنێت کە وردە وردە خۆی لە غازی ئێران دوور بخاتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمریکا فشارێکی بەردەوام دەخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە پشتبەستن بە ئێران لە کەرتی وزەدا، هاوکات بەغدا نەرمی و ئامادەیی نیشان دەدات بۆ پابەندبوون بەو داواکارییانە بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی هەمەلایەنەی کارەبا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بوونی بەدیلی ناوخۆیی.

 تۆڕەکە دەڵێت، سووتەمەنی بەدیل لە ناوخۆدا بەرهەم هێنراوە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، سەرەڕای تێچووی زیاتر و کاریگەرییان لەسەر کارایی وێستگەکان. بەڵام ئەمە دەرفەتی هەناسەدانی سیاسی بەرچاو بۆ بەغدا دەڕەخسێنێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن.

هەروەها ڕاپۆرتەکە تیشکی خستۆتە سەر گۆڕانکارییەکی ستراتیژی فراوانتر لەلایەن عێراقەوە بەرەو کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان، ئاماژەی بەوەشکردووە، گرێبەستە هەڵپەسێردراوەکانی پێشتر گۆڕدراون بۆ پڕۆژەی ڕاستەقینە. دیارترینیان ڕێککەوتنی 25 ملیار دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای بی پی، کە هاوکار دەبێت بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و دابینکردنی غاز لە ناوخۆدا.

هەروەها پڕۆژەیەکی دیکە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیز لە ئارادایە، ئامانجی بەکارهێنانی غازی پەیوەندیدارە لە دەرهێنانی نەوت لە باشووری عێراق و بەکارهێنانی بۆ وێستگەکانی کارەبا لەبری ئەوەی بسووتێت، وەک ئەوەی ئێستا.

لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە کاتێکدا ئەم چارەسەرانە گرنگن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزە، بەڵام بە تەنیا بەس نابن بۆ دابینکردنی زیادبوونی خواستی ساڵانەی ناوخۆیی. بەڵام پەیامێکی ڕوون بۆ واشنتۆن و تاران و وەبەرهێنەران دەنێرن کە غازی ئێران بۆ کەرتی وزەی عێراق چیتر پێویست نییە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەناردەی غازی ئێران دوای ئەم پێشهاتانە ناگەڕێتەوە بۆ عێراق.

ساڵانێکە عێراق پشتی بە هاوردەکردنی غازی ئێرانی بەستووە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، بەتایبەتی لە کاتی هاویندا، بەڵام ئەم پشتبەستنە بە هۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران زۆرجار تووشی پەککەوتن بووە.