شارپرێس:
کۆمپانیایەکی ئەمریکی سەرکەوتنی یەکەمین نەشتەرگەریی
چاندنی گلێنەی چاوی مرۆڤی ڕاگەیاند، کە بە تەواوی بە تەکنەلۆژیای چاپی سێ ڕەهەندی
و لە خانە ڕاستەقینەکانی چاوی مرۆڤ دروست کراوە و لە تاقیگەدا گەشەی پێدراوە.
ئەم کردارە بە یەکەمین نەشتەرگەریی لەوجۆرە دادەنرێت لە
جیهاندا و وەک دەستکەوتێکی گرنگ سەیر دەکرێت بۆ دابینکردنی ئەم جۆرە ئەندامە هەستیارەی
مرۆڤ و کەمکردنەوەی ماوەی چاوەڕوانی درێژ بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی کەمی شانەی بەخشەرەوە
ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە.
ئەم پێشکەوتنە پزیشکییە هیوا و گەشبینییەکی زۆر بۆ نەخۆشەکان،
بە تایبەتی ئەوانەی تووشی نابینایی بوون، دروست دەکات. نەخۆشێکی نابینا، کە گلێنەی
چاپی سێ ڕەهەندی لە خانەی چاوی مرۆیی بۆ چێنرا، لە ئێستادا وەک سەرەتایەکی سەرکەوتوو
بۆ قۆناغێکی سەرەتایی تاقیکردنەوە سەیر دەکرێت.
کۆمپانیای "پریسایس بایۆ"ی بەرهەمهێنەری گلێنەکە،
ئاماژەی بەوەکردووە کە نەشتەرگەرییەکە لە 29ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو بۆ یەکێک لە چاوەکانی
نەخۆشێک کە بە نابینا دادەنرا، ئەنجامدراوە. لە ئێستادا نەشتەرگەرییەکانی چاندنی
گلێنە پێویستیان بە شانەی چاوی بەخشەر هەیە، وەک هەموو نەشتەرگەرییەکانی دیکەی
چاندنی ئەندام، خواست لەسەری زۆر زیاترە لەوەی بەردەست بێت.
توێژەران دەڵێن کە چاپی سێ ڕەهەندی ڕێگە دەدات بە بەرهەمهێنانی
سەدان لەم جۆرە چێنراوانە لە تاقیگەدا، تەنها لە خانەکانی یەک گلێنەی بەخشەر. قۆناغی
یەکەمی تاقیکردنەوەکان بریتی دەبێت لە چاندنی گلێنە بۆ 10 بۆ 15 نەخۆش لە ئیسرائیل، و کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات
لە نیوەی دووەمی ساڵی 2026 ئەنجامە سەرەتاییەکان ڕابگەیەنێت.
دکتۆر مایکل میمۆنی، بەڕێوەبەری بەشی گلێنە لە سەنتەری
پزیشکیی ڕامبام لە حەیفا لە ئیسرائیل، گوتویەتی: "بۆ یەکەم جار لە مێژوودا،
گلێنەیەکی دروستکراو لە تاقیگە لە خانەی مرۆیی زیندوو، بینایی بۆ مرۆڤ گەڕاندەوە.
ئەم چێنراوە (PB-001) بە شێوەیەک درووست کراوە کە لەگەڵ ڕوونی و
تایبەتمەندییە میکانیکییەکانی گلێنەی سروشتی بگونجێت و توانای تێکەڵبوون بە شانەی
نەخۆشەکەی هەیە. ئەمەش دەرگایەک دەکاتەوە بۆ چارەسەرێکی نوێ و جێگیر بۆ یەکێک لە پێداویستییە
هەر پێسویستەکانی بواری چاو.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی