شارپرێس:
ڕەوتی نیشتمانیی شیعە (ڕەوتی سەدری پێشوو) بەڕێبەرایەتیی موقتەدا سەدر، ڕەتیکردوهتەوە هیچ لێکتێگەیشتنێکی نهێنی یان "ژێر بەژێر" لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا هەبێت سەبارەت بەپرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
سەرکردەیەکی ڕەوتەکە بە"بەغداد ئەلیەوم"ی وتوه، سەدرو ڕەوتەکەی بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان لەپرسی پێکهێنانی حکومەت ناکەنو هەڵوێستی سەدر لەدوای ڕاگەیاندنی وازهێنانی لەکاری سیاسیی، جێگیرو نەگۆڕە.
ئەو سەرکردەیە کە نەیویستوە ناوی ئاشکرابکرێت ڕونیکردوهتەوە، ڕەوتی نیشتمانیی شیعە بەتەواوی دەرگای گفتوگۆی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان داخستوەو وەڵامی هیچ هەوڵێک یان پەیامێکی ئەمدواییەی نەداوەتەوە.
هەروەک جەختیکردوهتەوە، بڕیارەکەی سەدر بۆ بەشدارینەکردن لەدانوستانەکان بنەماییە، چونکە پێیوایە ئەو دیدگا چاکسازییەی ئەوان دەیانەوێت، لەدۆخی سیاسی ئێستادا بونی نییە.
ئاماژەی بەوەشدا، هەندێک لایەن زانیاریی هەڵە بڵاودەکەنەوە دەربارەی بونی ڕێککەوتنی پشت پەردە، بەڵام ئەم دەنگۆیانە دورن لەڕاستییەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، موقتەدا سەدر لەئابی 2022وە وازهێنانی خۆی لەکاری سیاسییو داخستنی دامەزراوەکانی ڕاگەیاندوەو لەوکاتەوە پابەندە بەدورکەوتنەوە لەدەسەڵاتی جێبەجێکردنو هاوپەیمانییەکان.
