ئیسرائیل ئێف 35ی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووەتە خەونێكی بەدینەهاتوو

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 219 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
 
فڕۆكەی ئێف 35 ئەو فڕۆكە بەهێزەی باڵادەستی ئاسمانی بە ئیسرائیل بەخشیوە، ئێستا وڵاتانی دیكەی رۆژهەڵاتی  ناوەڕاست بە دوای دەگەڕێن، بەڵام هیچیان دەستیان نەكەوتووە و بووەتە خەونێك كە ئیدی بەدینایەت.

توركیا و میسر و سعودیە و ئیمارات لەو وڵاتانەن خواستی بەدەستهێنانی فڕۆكەی ئێف 35یان هەیە بەو ئامانجە هێزە ئاسمانییەكەیان بگەیەننە هاوتای ئیسرائیل لە ناوچەكەدا، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.

توركیا دوای شكستهێنانی لەهەوڵەكانیدا لەم بوارەدا پەنای بۆ دروستكردنی فڕۆكەیەك بردووە، بەڵام بۆ بەشێك لە پێكهاتەكانی بەتایبەت بزوێنەرەكەی پێویستی بە ئەمریكا هەیە و تا ئێستا دەستی پێڕانەگەیشتووە.

عەرەبستانی سعودیە كە زۆر لە ئەمریكاوە نزیكە لەسەردانەكەی شازادە محەمەد بن سەلماندا راگەیەندرا كە ئەمریكا رازی بووە بە فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف 35 بە ریاز، بەڵام هەندێك سەرچاوەی دیكە باس لەوەدەكەن، هەمان ئەو جۆری فڕۆكانە نین كە ئیسرائیل هەیەتی.

لەمیسر لە نمایشێكی بێ وێنەی هێزدا بەسەر هەرەمەكانی جیزە لەڕابردوودا حەوت فڕۆكەی جەنگی چینی J-10 بە یاوەری فڕۆكەیەكی گواستنەوەی ستراتیژی Y-20، مانۆڕێكی فڕۆكەوانی سەرنجڕاكێشیان بەسەر یەكێك لە كۆنترین شوێنەوارەكانی مرۆڤایەتیدا ئەنجامدا.

 نمایشەكە تەنها نیشاندانی هێز نەبوو، بەڵكو پەیامێكی ڕاستەوخۆی بازرگانی بوو. لەوەش گرنگتر بە ئامانجی خۆی گەیشت. 

میسر گرێبەستێكی گەورەی چەكی بە بڕی 4 ملیار دۆلار لەگەڵ چین كردووە كە بریتییە لە كڕینی 48 فڕۆكەی جەنگی پێشكەوتووی J-10CE. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی میسر ببێتە دووەم وڵاتی بیانی ئەم مۆدێلە  بكڕێت لە دوای پاكستانەوە، كە تێكڕای تێچووی هەر فڕۆكەیەك نزیكەی 89 ملیۆن دۆلارە.

ئەمە بە شێوەیەكی بەرفراوان لە بازنە سەربازییەكانی واشنتۆن، تەلئەبیب و پایتەختەكانی ئەوروپادا دەنگی دایەوە. میسر كە ساڵانێك بوو بەدوای دەستخستنی فڕۆكەی جەنگی نەوەی پێنجەمی ئەمریكی ئێف 35 بوو، دوای زنجیرەیەك بەربەستی ئەمریكی و ئیسرائیلی بەرەو ڕۆژهەڵات چوو، دواجار لەسەر چین و فڕۆكە جەنگییە پێشكەوتووەكەی
جێگیر بوو.

لە سەرەتای ئیدارەی یەكەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاوە، قاهیرە داواكاری فەرمی پێشكەش كردووە بۆ بەدەستهێنانی فڕۆكەی جەنگی ئێف 35. ترەمپ خۆی لایەنگرێكی دیار بوو بۆ ڕێككەوتنەكە، كە دەبوو 29 فڕۆكە لەخۆ بگرێت كە بەهای نزیكەی 2 ملیار دۆلار بوو. بەڵام گرێبەستەكە كەوتە ژێر كاریگەریی وەزارەتی بەرگری ‌و دژی وەستایەوە و بە ئاماژەدان بە نیگەرانییە ئەمنییەكانی پەیوەست بە هەمەچەشنكردنی سەرچاوە چەكییەكانی میسر.

هەروەها ئیسرائیلیش بە توندی ناڕەزایەتی دەربڕی و داوای پاراستنی باڵادەستی تەلئەبیبی كرد. 

لەگەڵ وەستانی گرێبەستی ئێف 35 واشنتۆن بەدیلێكی كەمتر هەستیاری پێشكەش بە قاهیرە كرد، فڕۆكەی جەنگی F-16V . بەڵام میسر ئەم پێشنیارەی ڕەتكردەوە، چونكە بەرزكردنەوەی ئاستی لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەی دیكە پێویستی هێزی ئاسمانی میسری بۆ تواناكانی نزیكبوونەوە لە ستانداردەكانی نەوەی پێنجەم دابین نەدەكرد.

ئیمارات یەكێكی دیكە لەو وڵاتانەیە هەوڵی زۆری داوە بۆ گەیشتن بە فڕۆكەی ئێف 35، بەڵام شكستی هێناوە، بۆیە ئەویش هاوشێوەی میسر لەهەوڵدایە ئەم بۆشاییەی هێزە ئاسمانییەكەی بە فڕۆكەی روسی و چینی پڕ بكاتەوە.

ئێران یەكێكی دیكەیە لەو وڵاتانەی هێزە ئاسمانییەكەی زۆر لاوازە، بەتایبەت لەڕوبەڕوبونەوەی ئیسرائیل، كاتێك وڵاتێكی لاوازی وەكو ئێران لەبواری هێزی ئاسمانی لەگەڵ بەهێزترین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبواری هێزی ئاسمانی كە ئیسرائیلە روبەڕوو بووەتەوە، ناچاریكردووە هەوڵبدات بە فڕۆكەی شەڕكەری سو35 ی روسی وەك ركابەری ئێَف 35ە هێزە ئاسمانییەكەی بەهێز بكات.

لە جەنگی دوازدە رۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا هەر زوو لەرۆژانی سەرەتادا سوپای ئیسرائیل بەئاسانی كۆنترۆڵكردنی ئاسمانی ئێرانی راگەیاند بەبێ هیچ روبەڕوبونەوەیەكی كاریگەر، فڕۆكەكانی ئیسرائیل هەر ئامانجێكیان بویستایە پێی دەگەیشتن.

ئاستەنگی گەورەی پێش وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەیشتن بە ئێف 35 تەنها كۆتوبەندەكانی واشنتۆن نین، بەڵكو ئیسرائیل بەربەستە گەورەكەیە، چونكە رێنادات هیچ وڵاتێك جگە لە خۆی ببێتە خاوەنی ئەم فڕۆكە بەهێزانە تا باڵادەستی ئاسمانی خۆی بپارێزێت.

فڕۆكەی لۆكهید مارتن F-35ی ئەمریكی، فڕۆكەیەكی جەنگی تاك كورسی و تاك بزوێنەرە و لە هەموو كەشوهەوایەك كاری خۆی دەكات‌و فرە ڕۆڵە بۆ باڵادەستی ئاسمانی و ئەركی هێرشبردن دیزاین كراون. هەروەها توانای شەڕی ئەلیكترۆنی و هەواڵگری و چاودێری و سیخوڕیشی هەیە.
ئ.ح