شارپرێس:
لەبەیاننامەیەکدا پەیەدە دەڵێت، چەند شارێکی سوریا لەم دواییانەدا شاهیدی پەرەسەندنی گرژی و خۆپیشاندان بوون و داوای پاراستنی ژیان و کەرامەتی هاوڵاتیان دەکەن.
پەیەدە ئاماژە بەوەشدەکات، لە پارێزگای حومس هەڕەشەی پاڵنانی وڵات بەرەو شەڕێکی تائیفیی نوێ و بەردەوامی ئاژاوە و ناسەقامگیری و قووڵکردنەوەی قەیرانەکان هەیە.
دەشڵێت، ئەم پێشهاتانە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی کاری هەندێک لایەنە کە بە ئەنقەست خەڵک بەرەو دابەشبوون ئاراستە دەکەن لەبری ئەوەی ئارامی و متمانە دروست بکەن.
لەبەیاننامەکەدا هاتووە، ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت دەرئەنجامی سیاسەتەکانی حکومەت و دەسەڵاتی کاتی و شکستهێنانە لە نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریا و پتەوکردنی متمانە لە نێوانیاندا، هەروەها بێتواناییان لە بەڕێوەبردنی قۆناغی کاتی بە ڕۆحێکی یەکگرتوو و بەرپرسیارانە.
ڕونیشیکردەوە، ئەم لایەنانە گوتارێکیان هەیە کە لەسەر بنەمای هاندانی دابەشبوونی خێڵەکی و تائیفی دامەزراوە، لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی سیستماتیک میدیاکانیان ئاراستە کردووە بە ڕق و کینە و بە ئامانجگرتنی سوریاییەکان، بەتایبەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئەم ڕێبازە مەترسیدارە ناڕەزایی جەماوەری قووڵتر کردووەتەوە و مەترسی ئەوە هەیە وڵاتەکە لە هەر ساتێکدا بخزێتە ناو ململانێی تائیفی یان نەتەوەیی زیاترەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاشتی مەدەنی دەکات.
ئ.ح
