شارپرێس:
بەرپرسانی ئێران بە ڕۆژنامەی تەلەگراف دەڵێن، ئێران کۆنتڕۆڵی حوسییەکانی لە یەمەن لەدەستداوە و لە کاردایە بۆ پاراستنی هێزەکانی دیکەی "میحوەری خۆڕاگری" لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەرپرسێکی باڵای ئێران لە تاران ئاشکرای دەکات کە حوسییەکان “ماوەیەکە یاخیبوون و وەک جاران گوێ بە تاران نادەن”.
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی زانیویەتی، لە چوارچێوەی هەوڵێک بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی گرووپەکەی یەمەن و ئێران، فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران هەفتەی ڕابردوو گەیشتە شاری سەنعا لە هەوڵێکدا بۆ گەڕاندنەوەی حوسییەکان بۆ ژێر کۆنترۆڵی تاران.
عەبدولڕەزا شەهلای، فەرماندە لە سوپای قودس، دوای ئەوەی پێشتر بانگهێشتی ئێران کرایەوە، گەڕایەوە سەنعا بۆ هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە کە قسەی لەگەڵ ڕۆژنامەکە کردووە، دەڵێت یەکێک لە پلانەکانی شەهلای ئەوەیە کە “داوا لە حوسییەکان بکات زیاتر لە پێشوو هاوکاری بکەن، چونکە ئەوان تاکە گروپی کاریگەرن کە ماونەتەوە” لەناو میحوەرەکەی ئێراندا.
ئ.ح