هەواڵە سیاسییەکان
حورییەت Hürriyet/ باڵادەستی بەرگری تورکیا نیگەرانییەکانی یۆنان زیاد دەکاتەوە: ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، هەنگاوەکانی ئەم دواییەی تورکیا لە پیشەسازی بەرگریدا، بە تایبەتی پڕۆژەکانی KIZILELMA (فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕ) و TAYFUN (سیستەمی مووشەکی بالیستی)، بووەتە هۆی دروستبوونی ترس لە ڕۆژنامەکانی یۆنان، لەگەڵ سەرنجەکان پێشنیاری گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دەکەن.
حورییەت Hürriyet/ مەترسییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوریا: حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە دەربڕینی نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پێکهاتە ڕێکخراوەییەکانی باکوری سوریا و ڕایگەیاندووە کە پێکهاتەی ئێستای هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) مەترسی لەسەر تورکیا دروست دەکات.
حورییەت Hürriyet/ مەلەفی سوریا و یاسای CAATSA: نووسەر هاندە فرات ئاماژەی بە سەردەمێکی نوێ لە سوریا کردووە کە بریتییە لە فشارخستنە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕێکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر ئیسرائیل و دۆزینەوەی "چارەسەرێک بۆ یاسای CAATSAی ئەمریکی کە سزا بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت.
سەباحSABAH/ بەستنەوەی ڕێکخراوی گولەن بە فایلێکی نێودەوڵەتی: ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە کە ناوی ڕێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵا گولەن (فەتۆ) لە فایلەکانی ئێپستین لە ئەمریکادا دەرکەوتووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕەهەندە نێودەوڵەتییە نوێیەکان بۆ ئەو ڕێکخراوە.
سۆزجو Sözcü/ پڕۆژەیاسای نوێی لێبوردن: ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) پاڵپشتی لە یاسایەکی نوێ کردووە کە ڕێگە خۆش بکات بۆ ئازادکردنی ٥٠ هەزار زیندانی، لەگەڵ پرسیارەکان سەبارەت بەوەی کە کام گروپ سوودمەند دەبن لەو یاسایە.
سۆزجو Sözcü بەڵێنەکانی سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە: لە چوارچێوەی کێبڕکێی سیاسیدا، مەنسور یاڤاش سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە ڕایگەیاند، کار بۆ دابینکردنی گواستنەوە و ئاوی بێبەرامبەر بۆ خەڵک دەکات.
سۆزجو Sözcü/ کۆمپانیای ئارچیلیک کرێکارەکانی لە کارەکەی دوورخستەوە: کۆمپانیای زەبەلاحی کەلوپەلی ناوماڵ ئارچیلیک ڕاگرتنی کارەکانی بەرهەمهێنانی لە دامەزراوەیەک لە تایلەند ڕاگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژییەتی داڕشتنەوەی جیهانیدا، کە دەبێتە هۆی دەرکردنی سەدان کرێکار.
یەنى شەفەک Yeni Şafak / هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە ململانێی سوریا: هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە پێکهاتەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) نوێنەرایەتی هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکێتی نەتەوەیی سوریا و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەکات.
یەنى شەفەک Yeni Şafak /: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە یاوەری هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و وەزیری گەنجینەی و دارایی مەهمەت شیمشەک بەرەو ئەفریقای باشوور بەڕێدەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی گروپی 20. لە پەراوێزی لوتکەکەدا کۆبوونەوەی دوو قۆڵی گرنگ ئەنجام دەدات.
میللەت Milliyet / مەلەفی ئیمرالی بە 32 دەنگ تێپەڕێندرا: ئەو هەواڵە سەبارەت بە بڕیاری لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمان، کە لیژنەکە دەنگی بە "ەسەندکردنی (32 دەنگ) دا بۆ سەردانی ئیمرالی (شوێنی زیندانی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان)، کە مشتومڕێکی بەرفراوانی لە وڵاتدا بەدوای خۆیدا هێنا.
میللەت Milliyet / هەڵسەنگاندنی ئیسرائیل بۆ تورکیا: ڕۆژنامەکە لە دانپێدانانێکی شارەزایەکى ئیسرائیلی دەڵێت: هۆکارمان هەیە بۆ ترس لە تورکیا، ئاماژەی بە 4 خاڵی نیگەرانی ئیسرائیل کردووە.
هەواڵە
ئابووریەکان
سەباح SABAH/ ئەمڕۆ نرخى دراوەکان : دۆلاری ئەمریکی: 42.4448 لیرەی تورکی، یۆرۆ: 49.0341 لیرەی تورکی، زێڕ (هەر گرامێک): 5,506.562 لیرەی تورکی، بیتکۆین: ٨٥ هەزار و ٩١٠ دۆلاری ئەمریکی.
سۆزجو Sözcü/ گۆڕینی پاشەکەوتی زێڕ: مۆدێلێکی دارایی نوێ ڕاگەیەندرا کە ئامانجی یەکخستنی پاشەکەوتی زێڕە "لە ژێر پشتیدا" لە ئابووری فەرمیدا، کە بەهای زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت..
جمهورييەتCumhuriyet / بودجە و پاڵپشتی حکومەت:
أ.بودجەی شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ: بودجەی شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ بۆ ساڵی 2026 بە بڕی 609 ملیار لیرەی تورکی دیاریکراوە.
ب.پاڵپشتی بۆ جووتیاران: وەزیری کشتوکاڵ و دارستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 331 ملیۆن و 600 هەزار لیرەی تورکی خرایە سەر حسابی جوتیاران بۆ پاڵپشتی کشتوکاڵ.
ج.سەرکردایەتی کشتوکاڵی: زانیارییە ئابوورییەکان دەریدەخەن کە تورکیا پێشەنگی جیهانییە لە 7 بەرهەمی کشتوکاڵیدا و لە ڕیزبەندی سێ یەکەمی 22 بەرهەمی کشتوکاڵی دیکەدایە.
جمهورييەتCumhuriyet /: ڕۆژنامەکە بابەتێکی شیکاریی نووسەر موراد ئاگریل بڵاوکردەوە سەبارەت بە کاریگەریی دیاردەی "سکیمپفلاسیۆن" لەسەر ڕووداوەکانی ژەهراویبوون، کە بەرهەمهێنەران ناچارن کوالیتی بەرهەمەکانیان کەم بکەنەوە یان بەدیلێکی هەرزان بەکاربهێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی تێچوونەکان.
هەواڵە سەربازییەکان
میللەت Milliyet / ترسی یۆنان لەسەر "کیزیلەلما": فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری تورکیا کیزیلەلما ترس و دڵەڕاوکێی لە یۆنان دروستکردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە سەرکەوتنەکانی کردووە لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف ١٦ لە کاتی مەشقێکی ھاوشێوە. ڕۆژنامەکانی یۆنان داوای کڕینی بەپەلەی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ دەکەن و داوایان کردووە ڕێگە نەدرێت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بکەوێتە دەستی هێزەکانی تورکیا.
زانیارى زیاتر (سیاسی)
وردەکارییەکانی هەڵسەنگاندنێکی ئیسرائیلی
بۆ تورکیا: ڕۆژنامەکە لەژێر مانشێتی "هۆکارمان هەیە بۆ ترس لە تورکیا"، ئاماژەی
بە چوار خاڵی نیگەرانیی ئیسرائیل کردووە. هەواڵەکە لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ڕۆژنامەی
میللیی تورکی بڵاویکردووەتەوە، لەسەر بنەمای ڕاپۆرت و شیکارییەکی شارەزایەکی ناوەندەکانی
لێکۆڵینەوەی ئیسرائیلی بووە، تیشکی خستۆتە سەر پەرەسەندنی دەسەڵاتی تورکیا و کاریگەریی
ناوچەیی، کە نیگەرانییەکی ستراتیژی بۆ ئیسرائیل دروستکردووە.
نیگەرانیی شرۆڤەکارانی ئیسرائیلی سەبارەت
بە تورکیا لەسەر بنەمای پێشهاتە سەربازی و سیاسی و ئابوورییەکانە کە کاریگەریی ئیسرائیل
لە ناوچەکەدا تێکدەدەن و دەتوانرێت لەم چوار خاڵەدا کورت بکرێتەوە:
گەشەپێدانی سەربازی و خۆپاراستنی ناوچەیی:
أ.گرنگی بە کڕین و پەرەپێدانی فڕۆکەی جەنگی مۆدێرن دەدرێت (وەک مامەڵەی یۆرۆفایتەر تایفون لەگەڵ بەریتانیا و ئیمارات) بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی مۆدێرنکردنی هێزی ئاسمانی تورکیا.
ب.مووشەکی بالیستی و بەرگری ئاسمانی: لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە پێویستی هەڵگرتنی مووشەکی بالیستیکی مەودای مامناوەند و دوور (وەک تایفون) بۆ بەهێزکردنی ڕێگریکردن، هەروەها پەرەپێدانی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی هاوشێوەی "قوبە ئاسنین"ی ئیسرائیل.
کاریگەری لە سوریا و سنووردارکردنی ئازادی ئۆپەراسیۆن
أ.ئامادەبوونی سەربازی: نیگەرانییەکان لە پەرەسەندنی ئامادەبوونی سەربازی تورکیا لە ناوەڕاست و باشووری سوریا.
ب.سنووردارکردنی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل: ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە کە کاریگەریی تورکیا لە سەر ئاسمانی سوریا، ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا سنووردار بکات و توانای بە ئامانجگرتنی ئێران یان ئامانجی دیکە سنووردار بکات.
پڕۆژەی وزە و بازرگانی بەدەر لە ئیسرائیل
أ.ڕێگا جێگرەوەکان: ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە هەوڵەکانی تورکیا بۆ پێشخستنی ڕێڕەوی بازرگانی و وزەی نوێ لە ناوچەکەدا (بەتایبەت لە ڕێگەی عێراق و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە) ئیسرائیل بەدەر بکات و گرنگییەکەی وەک ڕێڕەوێکی سەرەکی ترانزێتی ناوچەیی کەم بکاتەوە.
ب.مەترسی لەسەر پڕۆژەکانی ئیسرائیل: ئەمەش مەترسی لەسەر پڕۆژە ژێرخانی و کۆریدۆرەکان دروست دەکات کە ئیسرائیل بەشداری تێدا کردووە، وەک کۆریدۆری هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەوروپا (IMEC).
خەونى سەرکردایەتی ئیسلامی: شارەزایانی ئیسرائیل هۆشداری دەدەن لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ زیندووکردنەوەی کاریگەری و دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانەی کە سەردەمانێک لەژێر کۆنترۆڵی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بوون، وەک باڵکان و باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەشەسەندنی دەسەڵاتی تورکیا بەتایبەتی لە بواری سەربازیدا و هەنگاوە دیپلۆماسییە چالاکەکانی واقیعێکی نوێ لە ناوچەکەدا دروست دەکەن کە لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییە درێژخایەنەکانی ئیسرائیلدا ناکۆکە، سەرەڕای بوونی هێڵی گەرمی نێوان هەردوولا (کە بە هاندانی ئەمریکا لە باکۆ دامەزراوە) بۆ کەمکردنەوەی مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ.
زانیارى زیاتر(ئابوورى)
وردەکارییەکانی بەرنامەی یەکخستنی پاشەکەوتی
زێڕ لە ئابووری تورکیادا
دەستەواژەی "زێڕی ژێر پشتى" ئاماژەیە
بۆ ئەو بڕە زۆرەی زێڕ کە هاووڵاتیان و بەتایبەت
خێزانەکان پێیان باشە لە ماڵەوە بیهێڵنەوە وەک ڕێگەیەک بۆ پاشەکەوت لەبرى ئەوەى بیخەنە
بانکەکانەوە.
کۆی گشتی ئەو زێڕەی کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە
کۆکراوەتەوە بە نزیکەی ٥٠٠٠ تۆن (پێنج هەزار تۆن) مەزەندە دەکرێت. بەپێی دوایین خەمڵاندنەکان
کۆی بەهای ئەم پاشەکەوتانە لە نێوان ٣٠٠ ملیار دۆلار بۆ ٣٦٣ ملیار دۆلارە. ئەم بڕە
پارەیە سەرمایەیەکی بەرچاوە کە دەتوانێت پاڵپشتی سەقامگیری ئابووری تورکیا بکات. بەرنامەکە
بە پلەی یەکەم ئامانجی بەدەستهێنانی ئەمانەی خوارەوەیە:
بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان: بەکارهێنانی ئەم پاشەکەوتانە وەک هێزێکی دراوی ناوخۆیی بۆ یارمەتیدانی بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان و ناجێگیری نرخەکان.
پاڵپشتیکردنی یەدەگی ناوەندی: ئاراستەکردنی ئەم پاشەکەوتانە بەرەو پاڵپشتیکردنی بانکی ناوەندی تورکیا و دابینکردنی پێداویستییەکانی دراوی بیانی.
گۆڕینی بۆ ئامرازێکی وەبەرهێنان: گۆڕینی زێڕ لە ئامرازێکی پاشەکەوتکردنی پاسیڤەوە بۆ ئامرازێکی وەبەرهێنانی بەرهەمدار و بەکارهێنانی ئەم سامانە لە پڕۆژەکانی گەشەپێداندا.
شێوزاى کار
تۆڕێکی فراوانی زەڕنگەران (نزیکەی 1500
زێڕینگەر) بەشدارى دەکەن لە وەرگرتنى زێڕەکان، ئاڵتونسازەکان ئاڵتونەکە دەپشکنن و هەڵیدەسەنگێنن
و دەیگۆڕن بۆ گرامی زێڕ، کە ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر هەژماری بانکی خاوەن زیڕەکە. هاوڵاتیان
دەتوانن لە بانکەکان (زۆربەی بانکە حکومییە بەشداربووەکان) یەکێک لە جۆراوجۆرەکانی
وەبەرهێنان هەڵبژێرن. بانکەکانیش کە هەر شەش مانگ جارێک سود پێشکەش دەکەن، لەگەڵ گەرەنتی
تەواوی حکومەت. پلانەکە لەگەڵ بنەما داراییە ئیسلامییەکان دەگونجێت، کە وەبەرهێنەر
قازانجی وەرزی (کرێ) وەردەگرێت بۆ دانانی زێڕەکەی، لە کۆتایی ماوەی گرێبەستەکەش زیڕەکە دەگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنەکەى.
پوختە
ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە پەیامی گەشبینانە سەبارەت
بە گەشەى ئابووریی گەورە لەگەڵ واقیعە سەختەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و گەندەڵی لەناو
سیستەمی دادوەریدا تێکەڵ بەیەکدەبن. دوو دەنگی هەواڵى دژبەیەک زاڵە بەسەر دیمەنی
هەواتڵەکاندا: دەنگی دەستکەوتەکانی حکومەت لە دەرەوەی وڵات و دەنگی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی
بەرامبەر بە گەندەڵی و کەمتەرخەمی.
