بەختیار ئەحمەد ساڵح
پێشەکى
بە پێی ئەو زانیارییانەی
لە میدیاکانی ئێران و شیکاری شارەزایانى ئێرانیدا بڵاوکراونەتەوە، ئێران خەریکی پەرەپێدانی
سیستەمێکی بەرگری نوێیە بۆ دۆزینەوە و بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە جەنگییە تارماییەکانى نەوەی
پێنجەمی وەک F-35 ،
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن تیمێکی نهێنیەوە جێبەجێدەکرێت کە پێکهاتووە لە نزیکەی ٣٠٠ ئەندازیار
و پسپۆڕی فڕۆکەوانی و ئامانجی سەرەکی دروستکردنی تێکەڵەیەک لە ڕاداری پێشکەوتوو و پرۆسێسی
زیرەک و تەکنەلۆژیای خۆماڵى بۆ دۆزینەوە و ڕێگریکردن لەم فڕۆکە جەنگییانە. بەڵام تا
ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی ئێران و سەربازییەوە بڵاونەکراوەتەوە
و زانیاری زیاتریش لەڕێگەی سەرچاوە ئاگادارەکان و میدیای نزیک لە سوپای پاسداران و
وەزارەتی بەرگرییەوە بڵاوکراوەتەوە.
ئامانج و چارەسەرەکانی
پڕۆژە
ساڵانێکە ئێران هەوڵی
پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیایەک دەدات کە بتوانێت خاڵە لاوازەکانی شەڕکەرە تارماییەکان دەستنیشان
بکات. ئەم لاوازییانە بریتین لە بەکارهێنانی ڕاداری پاسیڤ، ڕاداری باندی VHF، تۆڕکردنی هەستەوەرە جۆراوجۆرەکان
و تێکەڵەیەک لە هەستەوەری بینین و ئەلیکترۆنی. سیستەمەکانی وەک ماجید و باڤار ٣٧٣ پێشتر
سەرکەوتوو بوون لە دۆزینەوە و ڕێگریکردن لە ئامانجە تارماییەکان و ئێستا ئەم ئەزموونە
بۆ پڕۆژە نوێیەکە بەکاردەهێنرێت. پڕۆژەکە هەوڵدەدات سیستمێکی بەرگری دروست بکات کە
بتوانێت شوێنی فڕۆکە جەنگییەکانی تارماییەکانى جۆرى F-35 دەستنیشان بکات ئەگەر پێویست
بکات بیکاتە ئامانج.
تەحەددای تەکنیکی
و ئەگەری سەرکەوتن
فڕۆکەی F-35 دەستنیشانکردن و بەئامانجگرتنى زۆر قورسە،
چونکە فڕۆکەکە بە شێوەیەک دروستکراوە کە بڕگەی ڕاداری زۆر نزم (RCS)ی هەبێت و سیستمی جەنگی ئەلیکترۆنی پێشکەوتووی
هەیە. بەڵام ڕادارە پاسیڤەکان و باندەکانی VHF دەتوانن لە ژێر هەندێک بارودۆخدا ڕادار
یان پەیوەندییەکانی فڕۆکەی F-35 دەستنیشان بکەن و شوێنی دیاری بکەن. ئەم شێوازانە هێشتا ناتوانن بە تەواوی
و بە وردی شوێنی F-35 دیاری
بکەن، بەڵام دەتوانن ئەگەری دۆزینەوە و ڕێگریکردن زیاد بکەن. سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە
پەیوەستە بە توانای ئێران بۆ تێکەڵکردنی ئەم تەکنەلۆژیایانە و دروستکردنی تۆڕێکی بەرگری
یەکگرتوو.
وەڵامە ناوچەیی و
ستراتیژییەکان
ئەگەر ئێران بتوانێت
تەنانەت بەشێک لە توانا تارماییەکانى فڕۆکەی F-35 بێلایەن بکات، ئەوا دەتوانێت
هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بگۆڕێت. فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 بە وڵاتانی عەرەبی و دابینکردنی
فڕۆکەی سیخۆى-٥٧ی ڕووسی بۆ ئیمارات لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیەیە کە ئەم فڕۆکە شەڕکەرانە
بۆ بەرگرییە ئاسمانییە ئاساییەکان دەستنیشان ناکرێن. هەر سەرکەوتنێکی ئێران لەم بوارەدا
دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەهای ئەم گرێبەستانە و ڕێگری ئەمریکا و دەشێت گەمەی ناوچەیی
بگۆڕێت.
دۆخی ئێستای پڕۆژەکە
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان،
پڕۆژەکە هێشتا لە قۆناغی تاقیگە و تاقیکردنەوەی سەرەتاییدایە، یەکەمین نموونەی سەرەتاییشی
ئامادە دەکرێت. تا ئێستا هیچ نموونەیەکی سەرەتایی کارپێکردن یان تاقیکردنەوەیەکی مەیدانی
سەرکەوتووی سیستەمکە بڵاونەکراوەتەوە. بەڵام ئاماژە هەیە کە یەکەم نمونەى تاقیکردنەوەی
بەم زووانە ئامادە دەبێت. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئێران بە جددی بەدواداى ئەم پڕۆژەیە
دەچێت.
شیکاری و هەڵسەنگاندن
ئێران بە ئەزموونی
پێشووی لە دەستنیشانکردن و ڕێگریکردن لە فڕۆکە تارماییەکان، لەوانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی
ئیسرائیل و شەڕکەری تارمایی، هیوادارە سیستمێکی بەرگری کاریگەر بۆ بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەی F-35بە تێکەڵکردنی
تەکنەلۆژیای ناوخۆیی و بیانی دروست بکات. بەڵام سەرکەوتنی تەواو لەم بوارەدا هێشتا
دوورە لە بەدەستهێنان و پێویستی بە پێشکەوتنی تەکنیکی و تێکەڵەیەک لە شێوازی جیاواز
هەیە. ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتن بەدەستبهینێت، ئێران دەتوانێت ببێتە یەکێک لەو وڵاتە
کەمانەی جیهان کە توانای کردەیی بەئامانجگرتنى فڕۆکەى تارماییان دەبێت.
