ئۆکرانیا بەچەکی نوێ ڕوسیا دەکاتە ئامانج

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 250 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە پەرەسەندنێکی بەرچاوی شەڕی  نێوان کیێڤ و مۆسکۆ، ئۆکرانیا هێرشەکانی خۆی فراوانتر کردووە بۆ ناو خاکی ڕوسیا، بە پشتبەستن بە نەوەی نوێی چەکی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی کە لە ساڵانی شەڕ و پێکدادانەکاندا پەرەی پێدراوە، بەپێی ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، دوایین هێرشەکان هەفتەی ڕابردوو بەندەری ستراتیژی نەوتی لەسەر دەریای ڕەش کردە ئامانج، ئەو ئۆپەراسیۆنە ڕوسیای ناچارکرد بەشێوەیەکی کاتی هەناردەکردنی نەوت بەڕێژەی 2.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوەستێنێت، کە یەکسانە بە 2%ی دابینکردنی نەوتی جیهانی. 

لەکاردانەوەی ئەم هێرشەدا نرخی نەوت بە ڕێژەی زیاتر لە 2% بەرزبووەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە بە مووشەکێکی نوێکراوەی ئۆکرانی ئەنجامدراوە، بەشێکە لە زنجیرە هەڵمەتێک کە لە هاوینەوە بەردەوامە و پاڵاوگەکانی نەوت و بۆری و بەندەرەکانی ڕوسیا لە دەریای ڕەش و باڵتیک دەکاتە ئامانج. 

کیێڤ دەڵێت ئامانجی هێرشەکان وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی مۆسکۆ و تێکدانی توانای ئەو وڵاتە بۆ دابینکردنی بودجە بۆ شەڕەکەیە.

 هێرشی بەندەری نۆڤۆرۆسیسک لەدەریای ڕەش تەنها یەکێکە لە لایەنەکانی فراوانبوونی بەرنامەی چەکی ئۆکرانیا کە مووشەکی پێشکەوتووی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوور مەودا لەخۆدەگرێت کە دیارترینی ئەو چەکانەن، وەک لەلایەن کیێڤەوە ڕاگەیەندراون.
ئ.ح