یەکێک لەو بابەتانەی کە لەمانیفێستی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیدا لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە جەختی لەسەر کراوەتەوە ئەو پێکهاتەیە کە پێی دەوترێت کاستی بکوژ. کە لەڕێگەی شیکاری کۆمەڵناسییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەرهەڵدان و بڵاوبونەوەی کاستی بکوژو هەروەها ئەو پێشکەوتنە شارستانییانەی کە بووە هۆی فۆڕمی ئێستای کرد. دەرکەوتنی پێکهاتەی کاستی بکوژ لەسەردەمێکدا کە یەکسانی کۆمەڵایەتی حوکمی دەکرد، ژیان بەهاوئاهەنگی لەگەڵ سروشتدا بەڕێدەکرا، یەکسانی و یەکگرتوویی تێیدا بەبنەما دەگیراو پەیوەندی کۆمەڵایەتی کۆمیناڵ بوونی هەبووە، چ واتایەک دەگەیەنێت؟
مەبەست لەکاست پێکهاتەیەکی پلەبەندی وشکە کە لەسەر بنەمای ڕێسای ڕەق و پێکهاتەی نەگۆڕو دەسەڵاتی خواوەندی دامەزراوە کە پێکهاتووە لەهێزی ڕووت و توندوتیژی، وشەی کاست لە"کاستا"ی پورتوگالییەوە هاتوەتە ناو زمانی تورکییەوە، وشەی کاستا لەزمانی پورتوگالیدا بەواتای ڕەچەڵەک، نەژاد، جۆر، ڕەچەڵەکی دێرین دێت. کاتێک پورتوگالییەکان لەسەدەی 16ی زایینی گەشتییانکردوە بۆ هیندستان، ئەم وشەیەیان بەکارهێناوە لەپێناو پێناسەکردنی چینە کۆمەڵایەتییەکان و سیستەمی کاست لەوێدا، بەمانا کۆمەڵایەتییەکەی، ڕەچەڵەکی کۆمەڵگه مرۆییەکان و چینی کۆمەڵایەتی بەهۆکاری بونی سیستەمی کاست بەکارهێنراوە.
سیستەمی کاست یاخود هەر کاست بەتەنها، گروپێکی کۆمەڵایەتی جێگیرە کە تێیدا تاک لەسیستەمێکی چینایەتی کۆمەڵایەتی تایبەتدا لەدایکدەبێت، لەناو سیستەمی کاستدا واچاوەڕواندەکرێت تاکەکان تەنها لەناو هەمان کاستدا هاوسەرگیريی بکەن (ئەندۆگامی)، هەمانشێوازی ژیان پەیڕەو بکەن کە بەگشتيی ئەمجۆرە ژیانە پەیوەست دەبێت بەپیشەیەکی دیاریکراوەوە، خاوەنی پێگەیەکی ئایینی تایبەتبن و بەپێی ئەو پلەیەی کە هەیانە چاودێری بکرێن و لەگەڵ ئەوانەی تردا کارلێک بکەن، لەسەر بنەمای تایبەتمەندێتی کلتوری کە هەندێکیان ڕەتدەکرێنەوە بەپێی ئەوەی کە هەندێک کاست بەپاکتر یاخود ناپاکتر دەزانن.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێناسەیەی سەرەوە ناسینی کاستی بکوژ لە واقعی ئەو تێکۆشانە کۆمەڵایەتییەی کە لەئەمڕۆدا بەڕێوەدەچێت شتێکی گرنگە . هەروەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت : کۆمەڵناسی بە بێ تێگەشتن لە چەمکی کاستی بکوژ ناکرێت و سەرکەوتن لە تێکۆشانی کۆمەڵاتیدا بەدەست ناهێنرێت .دەستپێکردن بە مێژووی کاستی بکوژ دەبێت سەرچاوە سەرەکییەکەی هەردوو کۆمەڵناسی و سۆسیالیزم بێت. لەڕاستیدا دەبێت بناغەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بێت . ئەگەر بپرسین مێژوو چییە ؟ مێژوو خۆی لە خۆیدا ئەو درزەیە کە کاستی بکوژ لە کۆمەڵگادا دروستیکردووە و خستوویەتی ژێر سیستەمێکی بەرفراوانی کۆیلەکردندا ، هەروەها دەستێوەردانە لە سیستەمی بیرکردنەوەو پراکتیکی ژیاندا.
ئەو پێکهاتەی کە پێی دەڵێین " کاستی بکوژ" بریتییە لەو چینە کۆمەڵایەتییەی کە لەلایەن گرووپی ڕاوچی نێرەوە دروستبووە ، بەنزیکەیی لەنێوان ١٥ بۆ ١٠ هەزار ساڵ پێش زایین سەریانهەڵداوە.ڕاوچییە نێرەکان ئەو هێڕشانەی لە پێناو ڕاوکردنی نێچیر لەسەرەتاکاندا ئەنجامییان دەدا بەپێی تێپەربوونی کات گۆڕا بۆ خووی کوشتن و بەم شێوەیە لە ئەم کوشت و کوشتارە گۆڕا بۆ کلتوری کاستی بکوژ .
ڕاوچی نێر بەبەکارهێنانی ئەزمونەکەی لەم بوارەدا بەتێپەڕبوونی کات ، لەئەنجامی هێڕشکردنە سەر کۆمەڵگای دایکی و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەریدا چینێکی نوێ کە تەنها نێرینەی لەخۆدەگرت سەرهەڵدەدات . بەپێی کات ئەو پێکهاتەی کە ئێمە پێی دەڵێین بکوژی کاستی ، کە هەروەها ئێمە پێی دەڵێین چین ، پەرەیسەند و بوو بە هێزێکی ڕێکخراو لەشێوەی یانەیەکدا کە لە کۆبوونەوەی ڕاوچییە نێرەکان پێکهاتبوو . ئەم پێکهاتە ڕێکخراوە کەم کەم لە دەوری کۆمەڵایەتیبوون پەرەیسەند و بەم شێوەیەش فۆڕمێکی تایبەت بەخۆی بەدەستهێنا .
پێکهاتەی کاستی بکوژ یەکەم خاڵی وەچەرخانی خۆی لەکاتێکدا بەدەستهێنا کە هێڕشی کردە سەر ئەو کۆمەڵگا کۆمەڵایەتییەی کە لەسەر دەستی ژنان دا دروستکرابوو . هەرئەمەش بووە هۆی یەکەم پچڕانی گەورەی کۆمەڵایەتی ، بەو واتایە کە سەرەتا و سەرچاوەی بنەڕەتی کێشەی کۆمەڵایەتی لە پەرەسەندنی ئەو سیستەمەی کە کاستی بکوژ دروستیکردووە دەستیپێکردووە .ئەو شتەی کە ئێمە وەک کێشەی کۆمەڵایەتی سەیری دەکەین ، لەڕاستیدا درزێکی مێژووییە کە لەئەنجامی هێڕشی پیاوسالاری و گرووپەکانی کاستی بکوژ بۆسەر کۆمەڵگایەک کە لە دەوری ژنانی دایک کۆبووەتەوە ، سەریهەڵداوە . لەگەڵ ئەم دابەشبوونەشدا کۆمەڵگا ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بووەوە .لەکاتێکدا کە ئەم دۆخە پچڕانێکی گەورەی لە کۆمەڵگای دایکیدا خوڵقاند ، هاوکات درزێکی گەورەشی لەگەشەندنی کۆمەڵایەتیدا دروستکرد .لەوانەیە هەڵە نەبێت ئەگەر بڵێین گەورەترین دژە-شۆڕش بووە کە لە مێژوودا سەریهەڵداوە . ئەو ژیانەی کە تا ئەوکاتە کۆمەڵایەتی بووە بە سەرهەڵدانی کاستی بکوژ و ئەو هێڕشانەی کردییە سەر کۆمەڵگای کۆمەڵایەتی بووە هۆی درزێکی گەورە لە کۆمەڵگادا . لەلایەک دا کۆمەڵگەیەکی کۆمەڵایەتی دیموکراتیک بەسەرکردایەتی ژنان بوونی هەبووە ، لەلایەکی دیکەشەوە دەسەڵاتی پیاوسالاری ستەمکار ، کوژەر و کاستی بکوژ کە لەگەشەسەندا بووە . کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کە ئێمە وەک سروشتی دووەم پێناسەی دەکەین ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە.ئەم کێشە گەورەیە مرۆڤایەتی دوو بەش کردووە . کە یەکێک لەوانە بریتیییە لە کاستی بکوژ ، کە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی ترسناکە و لەلایەن نێری سەردەستەوە سەپێندراوە . لایەنەکەی تریش بەرخۆدان کردن بوو لە دژی ئەهریمەنی کاستی بکوژ .بنەمای ئەم بەرخۆدانەش پێداگری کردنە لەسەر ئەو کۆمەڵگا کۆمەڵایەتییەی کە لەدەوری ژنی دایک دا دروستبووە .
ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت : بەهۆی ئەم دابەشبوونەوە بەدرێژایی مێژوو ململانێیەکی ترسناک لەنێوان کۆمۆن(کۆمەڵگای کۆمەڵایەتی) و جێنیشینەکانی کاستی بکوژ بەڕێوەچووە . لەسەر بنەمای ئەم واقیعەش دەتوانین بڵێین " مێژوو شەڕی نێوان چینەکان نییە، بەڵکو شەڕی نێوان دەوڵەت و کۆمۆن "ە. بەواتایەکی تر بەدرێژایی مێژووی کۆمەڵایەتی ، بەرخۆدان لەئارادا بووە کە ئەمیش لەلایەن توخمەکانی شارستانییەتی دیموکراتیکەوە لەدژی شارستانێتی هەژمونگەراییەوە دەرکەوتووە . لەکاتێکدا شارستانییەتی کاستیک بەپێشکەوتنێکی مەزنەوە لەسەر شانۆی مێژوودا خۆی دەرخستووە ، لەهەماکاتیشدا دژبەرەکانی لەبەرامبەریدا خۆڕاگرییان کردووە و پەرەیانسەندووە .سەریان دانەنواندووە و تەسلیم بوونیان قبوڵ نەکردووە ، هاوکات بەڕێبازی جۆراوجۆر خۆڕاگرییان کردووە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت : دەتوانرێت سەرهەڵدانی کاستی بکوژ بەبیرکردنەوە ئیرەیی و تەحەمولنەکردنی بەرامبەر بە مەزنی ژیانی دایکایەتی لێکبدرێتەوە . بۆ یەکەمجار لەشکرکێشی ، داگیرکاری ، دەستبەسەرداگرتن لەم پڕۆسەیەدا دەست پێدەکات .کاستیکی بکوژ لە هەستکردن بە موڵکایەتی ژنانەوە لەدایک بووە و هەربۆیەش خواستی موڵکایەتی پیاو بۆ ژن لە کۆمەڵگادا وادەکات ژن بێ هەناسە بمێنێتەوە .هەروەک چۆن ژنان دەرفەتی بیرکردنەوەی بە ئازادانەیان بۆ نەماوەتەوە ، لەگەڵ ئەمەشدا دونیای هزرکردنیشیان بۆ نەماوەتەوە ، کەتێیدا بتوانن پێناسەی خۆیان بکەن و بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بە کۆمەڵگا دەربڕن .
دەتوانین ئەم دۆخە وەک یەکەم کێشەی کۆمەڵایەتی و دژبەیەکی پێناسە بکرێت کە هاوکات لەگەڵ بە کۆیلەکردنی کردنی ژن سەریهەلڵداوە . بە وابەستەکردن و گرێدانی ژنان کە بەدیهێنەر و دروستکەری کۆمەڵگان بە پیاوەوە ، کردنیان بە موڵکی پیاو و هەروەها بە بێبەشکردنیان لە ئیرادەی خۆیان ، بەکۆیلەکردن گۆڕا بۆ دامەزراوەیەک . کۆیلەکردنی ژن هاوکات بوو لەگەڵ کۆیلەکردنی ئەو کۆمەڵگایەی کە لەدەوری ژنی دایکانە پێکهاتبوو .ئەو سیاسەتە بەکۆیلەکردنەی کە لەدژی ژنان بەڕێوەدەچوو ، هاوکات لەدژی هەموو کۆمەڵگا جێبەجێدەکرا.
لەڕاستیدا بەکۆیلەکردن لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەت دەستی پێنەکرد بەڵکو ، لەگەڵ کۆیلەکردنی ژن لەلایەن هەژموونی یانەی پیاوان کە پێی دەوترێت " کاستی بکوژ "سەریهەڵدا .
گروپی کاستی بکوژ لەسەرەتادا هێڕشیان دەکردە سەر خێڵەکان و هەموو ئەندامانی خێڵەکانیان دەکوشت لەپێناو دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکەکانیاندا ، دواتریش خێڵەکەیان بەتەواوەتی لەناودەبرد، بەڵام دواتر بینیان لەبری کوشتنی هەموویان هیشتنەوەی بەشێکیان و بردنیان بۆ کار سوودی زیاتری دەبێت بۆیان ، هەربۆیەش وازیان لەوە هێنا کە هەموویان بەیەکجاری بکوژن . ژنانیان وەک ئامڕازێک بۆ تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانیان بەکارهێنا.
هەروەها سوودیان لەتواناکانی ژنان وەرگرت بۆ کۆکردنەوەی ڕووەک، لەئەنجامی ئەو پەیوەندییە سێکسییەی کە لەگەڵ ژنان دا هەیانبووە، چەمکی "مێردایەتی" سەریهەڵدا.
کاستی بکوژ لەسەرەتا ژنی کردە کۆیلە و دواتر منداڵی کردە کۆیلە ، دوای ئەوەش هەرشوێنێک کە دەستی بەسەرداگرتبایە بەکۆیلە دەکرا، مرۆڤایەتی خستەژێر سیستەمێکی پتەوی کۆیلایەتی، پەرەستگاکان، لەلایەن کاستی بکوژ کە لەسەر بنەمای کۆیلەکەکردنی ڕەهای مرۆڤایەتی بنیادنران سەپێندرابوو. ئەگەر کاستی بکوژ بوونی نەبوایە ئەوا نە" گۆبەکلی تەپە" نە "هەڕەمەکانی میسر" بوونیان دەبوو.
پەرەسەندنی چینەکان لەبنەڕەتدا دابەشکاری نێوان چینەکان قوڵتر دەکاتەوە . چینی باڵا ، چینی خوارەوە هتد... نیشانەی خودی کاستی بکوژە کە بەلەناوبردنی سیستەمێک لەلایەن سیستەمێکی تر خۆی گەورە دەکاتەوە . یەکێک لەنمونە هەرە بەرچاوەکانیش "گۆبەکلی تەپە"یە .
لەناو ''گۆبەکلی تەپە''دا هیچ شوێنەوارێک لەسەر ژن بوونی نییە .کاستی بکوژ هەوڵیداوە لەئەنجامی کۆیلەکردنی کردنی ژن و بەستنەوەی لە خانەی لەشفرۆشی " موساکاتین"دا پەرە بە سیستەمەکەی بدات . هەروەک چۆن کاستیکی بکوژ لە "زوگوراتهانە" کاندا ئاژەڵاکانی ماڵی دەکرد هەر بەم شێوەیەش هەوڵیداوە لە کەسایەتی ژنان دا کۆمەڵگا کۆیلە بکات . ئەو پەرەستگایانەدا لە کەسایەتی ژنان دا دەبن بە خاڵی ڕووخانی کۆمەڵگا . ئەو تاوانە ژنکوژییانەی کە لەئەمڕۆدا ڕوودەدەن پاشماوەی کاستی بکوژە ، ئەم ئەهریمەنییە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت . ئەگینا بۆچی دەبێت ئەم هەموو ژنە بکوژرێت ؟
لەئەمڕۆماندا کۆنتراکان ، چەتەکان و مافیاکان پاشماوەی کاستی بکوژن لەسەر شەقامەکان . میراتی کاستی بکوژ دەتوانێت بە ترسناکی بۆمبی ئەتۆم بەجارێک هەموو مرۆڤایەتی لەناوببات . سیستەمی سەرمایەداریش لەئەمڕماندا کۆتا قۆناغی کاستی بکوژە. کۆمەڵگای کاستی بکوژ یاخود کۆمەڵگای خودا – پاشاکان ، ئاماژەیە بۆ ئەم سیستەمە کە لە میزۆپۆتامیا ، چین و هیندوستان دا کر سەریهەڵداوە و بەرجەستەبووە .
ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت : ئەوەی کە پێویستە لێرەدا زیاتر ڕوونبکرێتەوە سەرمایەداریی کاستی بکوژە ، بەڵێ ئەی باشە ئەمە چۆن سەریهەڵدا؟ لە دوورگەی ئینگەلتەرا کە سەرەتا بە دوورگەی چەتەکانی دەریایی ناسێنرا ، لەوێ سەریهەڵدا . دیار و ئاشکرایە کە باشترین تەکنەلۆجیای تێدا بەکارهێنراوە . شتێکی فێرکارییانەیە کە کاستی بکوژ پێویستی بە دەوڵەت نەتەوە هەیە ، چونکە ئەمجارەیان کاستی بکوژ لەشێوەی دەوڵەت-نەتەوە لەسەر شانۆ دەردەکەوێت و ئەم شانۆیەشی سەرکەوتوو دەبێت . گونجاوترین و باشترین پێناسە بۆ سەرمایەدارەکان بریتییە کاستی بکوژ . ئەمە گومانی تێدا نییە کە سەرمایەدارەکان دوا نوێنەرانی کاستی بکوژن . کەواتە فاشیزم ، کاستی بکوژی سەرمایەداریی لەکاتێکدا دەخاتەگەڕ کە مەترسی گەروەبوونەوەو پەرەسەندنی سیستەمی سۆسیالیست لەئارادا بێت .هەربۆیەش پێویستە سەرەتا سۆسیالیزم ڕووبەڕووی ڕاستی کاستی کۆمەڵایەتی ببێتەوە ، ڕوونیبکاتەوە و بەرەنگاری پاشماوەکانی ببێتەوە . هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی چارەسەر نابێت بەبێ دەرهێنانی ئەو خەنجەرەی کە کاستی بکوژ لە پشتی کۆمەڵگای چەقاندووە .
ژیان خولگەیی نییە بەڵکو بە جەختکردنەوە لەسەر جیاوازی تایبەتمەندی خۆی پەرەدەسێنێت . دۆخی جیابوونەوەی پیاوان لە کۆمەڵگای دایکایەتی گۆڕانیان بۆ کاستی بکوژ لەئارادایە . گەر سەیری ئەمڕۆمان بکەین ئایا لەلای ئێمە ئەمە چۆن ژیاندەکرێت ؟ کاستی بکوژ چ جۆرە کاریگەرییەکی لەسەرمان دروستکردووە ؟ بەم شێوەیە دەکرێت ڕوونبکرێتەوە : ژن وەک ئیرادەیەک نابینێت و دەیچەوسێنێتەوە و وەک موڵک و نزیکایەتی پارێزراو سەیری دەکات و هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات . هەربۆیەش پرسیاری ئایا چۆن دەتوانین بەسەر ئەمەدا زاڵ بین ؟گرنگییەکی بەرچاو بەدەست دەهێنێت . ڕێبەر ئاپۆ هەر لەسەرەتاوە لەسەر ئەم دوو پرسە بنەڕەتییە خەریکی ململانێیە لەگەڵ خۆیدا و بەشیکردنەوەیان ڕێبازێکی ناوازەی ئاشکرا کردووە . کە ئەمیش کوشتنی پیاوە لە جەوهەری خود دا . کوشتنی پیاویش بە پاککردنەوەی خود لە هەموو هەستێکی برسی بە دەسەڵات ، سێکس ، خودناوەند (خودسەنتەر)ە ، لەبەرامبەریشدا لەئامێزگرتنی ژیانێکی سۆسیالیستی بەدیدەهێنرێت .
پێشتر باسمان لە عەقلییەتی پیاوی باڵادەستی فێڵباز کرد و ووتمان کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەیی پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر .بەڵام ئێستا ڕێبەر ئاپۆ باس لە هەبوون و گەشەسەندنی ١٥ بۆ ٣٠ هەزار ساڵەی کاستی بکوژ دەکات . تایبەتمەندی سەرەکی کاستی بکوژ لە فێڵبازییەوە سەرچاوە دەگرێت .ئەو بۆسە و تەڵانەی کە لەکاتی ڕاوکردنی نێچیر دا ڕاوچی دایناوە زیاتر پەرەی بە فێڵبازییەکەی داوە . بە تێبپەڕبوونی کاتیش ئەم فێڵبازییەی خۆی لەدژی کۆمەڵگا و لەپێناو سەپاندنی باڵا دەستی خۆی بەکارهێنا . ئەم دۆخە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان بەشێوازی جۆراوجۆر بەردەوامبووە .ململانێکردن لەگەڵ لایەنی کاستی کوژەرمان هەر لە سەرەتاوە پرسێکی چارەنوسسازبووە بۆ ئێمە ، لەپێناو دڵنیا بوون لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییە شۆڕەشگێرییەکانمان لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروست . گرنگە خۆمان لە خووەکانمان ڕزگار بکەین ، پەیوەندی نێوان دۆگماتیزم و دەسەڵات ، سێکسیزم و ناسیۆنالیزم و هەموو ئەو خووە پیاوسالارانەی کە پاشماوەکانی کاستی بکوژ لەناو خۆیاندا هەڵدەگرن ، لەڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکی بەهێز لەهزر بەو واتایەی لە ئوسلوب و شێوازدا ، زاڵ بین بەسەریدا . ئەو ژنکوژییەی کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبینەوە لە کاتێکدا کە ژنان بە گیانەکەم بانگ دەکرێن ، لەهەمان کاتدا لە پشتەوە خەنجەرییان لێدەوەشێرنێت ئاوێنەی کلتوری سیستەمی کاستیکە.
خودی دەوڵەت کاستی بکوژە، ئێمە وەک بەرگریکارانی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی، لەڕێگەی تێکۆشانمان بۆ کۆمەڵگایەکی کۆمەڵایەتیو دیموکراتیک ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی بچوکردنەوەی دەوڵەتی مرۆڤکوژ دەبینەوە. هەر تاکێک کە خوازیاری ژیانێکی مرۆڤانەبێت دەتوانێت لەم بوارەدا کارێک یاخود شتێک بکات.
نوسینی: ڤیان سیروان
وەرگێڕانی: کازیوە
