شارپرێس:
ئەمڕۆ چوارشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چووە ناو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل لە باشوری سوریا.
لە وتارێکیدا بۆ سەربازانی ئیسرائیل لەنێو خاکی سوریا ناتانیاهۆ وتی "ئێمە گرنگییەکی زۆر بە تواناکانمان دەدەین لێرە، چ بەرگری و چ هێرشبردن، بۆ پاراستنی هاوپەیمانە دروزەکانمان و لە سەرووی هەمووشیانەوە بۆ پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیل و سنووری باکورمان لەبەرزاییەکانی جۆلان و متمانەمان بە ئێوە هەیە".
ناتانیاهۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "دەمەوێت سوپاسگوزاریتان پێ بگەیەنم نەک تەنها لەحکومەتی ئیسرائیل، بەڵکو لە هاوڵاتیانی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیسرائیلیش. زۆر سوپاس".
دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و سوریا لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنی گەیشتۆتە بنبەست، ئەمەش دوای ناکۆکی کە لە میانی دانوستانەکانی پاریس و باکۆ لە ژێر چاودێری ئەمریکادا دروستبوو.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی دەڵێت، ئەو شکستە لە پێداگریی دیمەشقەوە سەرچاوەی گرتووە لەسەر کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە لە کانوونی یەکەمی 2024 کۆنتڕۆڵی کردووە، هاوکات تەلئەبیب مەرجی واژۆکردنی "رێککەوتننامەی ئاشتیی گشتگیر"ی پێش هەر کشانەوەیەک دیاریکردووە، ڕەتیدەکاتەوە بە تەنیا بە "رێککەوتننامەی ئەمنی" ڕازی ببێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا پێشتر بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی وتبوو، دانوستانەکان "پێشکەوتنی باش"ی بەدەستهێناوە.
ئ.ح
