وڵاتانی ئەمریکاو ئەوروپا بەردەوامن لەپڕچەککردنی ئیسرائیل

ڕاپۆرت

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 268 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، 1000هەمین فڕۆکەی پڕ چەک و کەرەستەی سەربازی گەیشتە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن ئەمەش لە چوارچێوەی گواستنەوەی  بەردەوامی چەک کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە دەستیپێکردووە، بۆ دابینکردنی کەرەستەی سەربازی.


وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە لۆجستییەکانی دەرەوەی بە قەبارەیەکی بێ وێنە لە مێژووی ئیسرائیلدا ئەنجامداوە، بە ئامانجی دابینکردنی هەموو پێداویستییە سەربازییەکانی ئێستا و داهاتووی سوپاکە.

ڕوونیشی کردەوە کە "تا ئێستا زیاتر لە 120 هەزار تۆن ئامێری سەربازی و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلی شەڕ و کەرەستەی خۆپارێزی لە ڕێگەی هەزار فڕۆکە و نزیکەی 150 کەشتییەوە گەیاندراون".

وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنی گواستنەوانە لە ئەنجامی هاریکاری هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا و ئەڵمانیایە، کە لەڕێگەیەوە تەقەمەنی پێشکەوتوو، چەک، زرێپۆش، کەرەستەی پزیشکی، سیستەمی پەیوەندی و کەرەستەی خۆپاراستنی کەسی کڕدراون.

بەگوێرەی وەزارەتەکە، پردی ئاسمانی و دەریایی هۆکارێکی گرنگ بووە لە پاراستنی بەردەوام و پڕکردنەوەی کۆگاکان بۆ حاڵەتە بەپەلەکان، و دەستەبەرکردنی وەڵامدانەوەی خێرا و ورد بۆ پێداویستییەکانی یەکەکانی شەڕ لە گۆڕەپانەکاندا.

بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ئەمیر بارعام، ڕایگەیاند، وەزارەتی بەرگری "لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەوڵێکی گەورەی سەرکردایەتی کردووە بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی ئامێری شەڕکردن، ئامێری پیشەسازی، تەکنەلۆژیا و هەموو شتێکی دیکە کە پێویستە بۆ ئەوەی سوپا بتوانێت شەڕ بکات".

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە کە کەنەدا بەردەوامە لە ناردنی کەرەستەی سەربازی بۆ ئیسرائیل، سەرەڕای گەمارۆی ڕاگەیەندراوی چەک.

هاوپەیمانی "قەدەغەکردنی چەک لەئێستا" لە مانگی تەمموزدا بەڵگەی تۆمارکردووە کە کەنەدا بەردەوام بووە لە ناردنی باری چەک سەرەڕای ئەوەی ئۆتاوا چەندین جار ئیدیعای کردووە کە   دابینکردنی چەکی بۆ تەلئەبیب ڕاگرتووە.

هاوپەیمانییەکە ئاشکرای کردووە 47 باری پێکهاتەی سەربازی ڕەوانەی کۆمپانیاکانی چەکی ئیسرائیلی کراوە.
ئ.ح