شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای ڕەتکردەوە، کە باسی لەبونی دانوستان لەگەڵ تاران کردبوو، دهشڵێت، "هیچ پڕۆسەیەکی لەو شێوەیە لەنێوان هەردوو وڵاتدا بونى نییە".
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەوەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکادا ڕایگەیاند، دانوستان لەگەڵ لایەنێک کە "بڕوای بەگفتوگۆی دولایەنە نییە"و "شانازی بەئەنجامدانی کردەوەی سەربازی دژی ئێران دەکات"، هیچ پاساوێکی نییە.
بەقایی ئاماژەی بەوەشکرد ئەمریکا خاوەنی "پێشینەی پەیمانشکێنیو داواکاریی زۆرە"و بەهەڵسوکەوتو قسەکانی دەریخستوە کە تەنها بەدوای سەپاندنی ویستەکانی خۆیەتی، بۆیە لەدۆخێکی واهادا "ناکرێت باس لەڕەوتێکی لۆژیکی بۆ گفتوگۆ بکرێت".
ئەو لێدوانانەی تاران دوای ئەوەدێت، ڕۆژی سێشەممەى ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، ڕایگهیاند، "کۆماری ئیسلامی بەتوندی خوازیاری گەیشتن بەڕێککەوتنە، ئێمەش سەرقاڵی گفتوگۆین لەگەڵیان".
ترەمپ لەقسەکانیدا ئاماژەی بەبۆردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئەمریکاوەو لە"شەڕی 12 ڕۆژە"دا کرد، وتیشی:"ئێمە کراوەین بۆ ڕێککەوتن، دەمانتوانی پێش جەنگەکە بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام ئەوە نەکرا".
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە، سەرەڕای هەڵوێستە ئاشکراو دژبەرەکانی بەرپرسانی ئێران لەڕاگەیاندنەکاندا، بەڵام تاران لەڕاستیدا "زۆر ئارەزوی" ڕێککەوتن دەکاتو پێشبینیدەکات لەمبارەیەوە "شتێک ڕوبدات، ڕەنگە ئەوان لەڕوکەشدا شتێکی دیکە بڵێن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە زۆر مەیلیان بەلای ڕێککەوتندا هەیە".
