بزانه‌ هه‌سه‌ده‌ چى كردوه‌؟ پێكه‌وه‌ كاركردنى داعش‌و شه‌رع ئاشكراده‌كات‌

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6549 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ئەو شوێنانەیان کردوەتە ئامانج کە چەکدارانی داعش بۆ هەڵدانی درۆن لەڕۆژهەڵاتی ڕەققە بەکاریانهێناون، هاوکات گروپە چەکدارەکانی سەر بەحکومەتی دیمەشق بەهەماهەنگی لەگەڵ داعش تۆمەتباردەکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) لەبەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان ڕوبەڕوی ژمارەیەک خاڵ بونەتەوە لەبادیەی "غانم العلی" لەڕۆژهەڵاتی ڕەققە، کە چەکدارانی داعش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ هێرشی درۆنی بۆسەر خاڵەکانی هەسەدە بەکاریانهێناون.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا ناوچەکە زنجیرەیەک هێرشی لەلایەن گروپەکانی سەر بەحکومەتی دیمەشقەوە بەخۆیەوە بینیوە، کە ئەمەش هاوکات بوە لەگەڵ جموجۆڵی چەکدارانی داعش‌و ئەنجامدانی هێرش لەهەمان ناوچەدا.

هەسەدە گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت، "بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە" کە داعش ئەو خاڵانەی وەک بنکەی هەڵدانی درۆن بەکارهێناوە. 

هەسەدە ئەمە بەنیشانەی "هەماهەنگی ڕاستەوخۆ" لەنێوان هێزەکانی حکومەتی دیمەشق‌و داعش لەقەڵەمداوە بەئامانجی لێدانی خاڵە سەربازییەکان‌و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختیکردوەتەوە، بەردەوامدەبن لەئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانیان بۆ لەکارخستنی سەرچاوەکانی هێرش‌و پاراستنی ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەهەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی.