لەبارەی کڕینی کورسییەوە پارتی وەڵامی یەکێتی دەداتەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 785 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کڕینی کورسی حیزبەکانەوە پارتی وەڵامی یەکێتی دایەوە.

 میدیای نزیک لەپارتی لەزاری سەرچاوەیەکی باڵای حیزبەکەوە بڵاویکردەوە، ئەگەر پارتی بیەوێت کورسی لایەنەکان بکڕێت، کورسییەکانی یەکێتی لە هەموو لایەنێک هەرزانترن.

سەرچاوەکە دەڵێت، ئێمە وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، هەر لە سەرەتاوە دەرگامان کراوە بووە بۆ لایەنە براوەکانی دیکە، ئێستاش دەرگامان کراوەیە بۆیان، بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن پێشوازی لە هەر لایەنێک دەکەین بێتە ناو حکومەت.

دەشڵێت، پارتی هیچ کاتێک هەوڵی نەداوە و نەیویستووە پەرلەمانتارانی حیزبەکانی تر بکڕێت، ئەمە هەوڵێکی بێبنەمایە دژی پێکهێنانی کابینەی دەیەم، هەوڵی لایەنێکە کە هەر لە سەرەتاوە دەیویست پێکهێنانی حکومەتی نوێ دوابکەوێت.

ئەو سەرچاوەیە کە وەک بەرپرسی باڵای پارتی باسیکراوە، ڕونیکردەوە، ئەگەر پارتی بیەوێت کورسی لایەنەکان بکڕێت، ئەوا زۆربەی کورسییەکانی یەکێتی لە هەموو لایەنێک هەرزانترن.