شیعەکان پێوەرەکانی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو دیاریدەکەن.. نابێت هەوڵی بون بەسەرکردەو سەرۆک حزبی بدات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3149 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدوای هەڵبژاردنەکانی 11ی تشرینی دوەمی 2025، کە تێیدا هێزە شیعییەکان بەگشتیی نزیکەی 187 کورسییان بەدەستهێنا، "چوارچێوەی هەماهەنگی" شیعه‌ لەعێراق لەجوڵەیەکی چڕدایە بۆ دیاریکردنی پێوەرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ.


هەرچەندە هاوپەیمانی "ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان" بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی 45 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەمە توانای ئەوەی پێنەبەخشیوە کە وەک کاندیدێکی تەوافوقی لەناو چوارچێوەکەدا خۆی فەرز بکات، بەتایبەتی لەگەڵ دژایەتییەکی توند لەلایەن هەندێک هێزەوە، لەسەرویانەوە دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی.

پەرەسەندنی نوێ لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییدا بریتییە لەگەیشتن بەپێوەرە "نیمچە کۆتاییەکان" بۆ پۆستەکە، دیارترین پێوەرەکان ئەوەن کە کەسایەتییەک هەڵبژێردرێت کە هەوڵنەدات سەرکردایەتیی حزبی یان کوتلەی سیاسی دروستبکات، بەڵکو وەک "بەڕێوەبەری جێبەجێکار" بەدەسەڵاتێکی بەهێزەوە کاربکات، بەمەرجێک بڕیارە گەورەکان بەدەست سەرکردەکانی هاوپەیمانییەکە بمێننەوە.

هێزە سەرەکییەکان وەک "دەوڵەتی یاسا"و "عەسائیبی ئەهلی حەق" پێیانوایە، قۆناغی داهاتوو پێویستی بەسەرۆک حکومەتێکە کە کۆمەڵێک ئەرکی قورس جێبەجێبکات، بەتایبەتی لەدۆسیەکانی چەک، قەیرانی ئابوریی‌و پەیوەندیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکاندا، لەکاتێکدا هێزە شیعییەکان بەرپرسیارێتی بڕیارە چارەنوسسازەکان هەڵدەگرن.

سەرچاوەکان لەناو چوارچێوەیهەماهەنگییدا ئاماژە بەوەدەکەن، سودانی لەنێو "لیستێکی کورت"ی کاندیداکاندایە، بەڵام مانەوەی چانسی پەیوەستە بەڕادەی قبوڵکردنی مەرج‌و پێوەرە نوێیەکان کە هەژمونی سیاسیی داهاتوی سنوردار دەکەن.

هێزە شیعییەکان وازیان لەبڵاوکردنەوەی ناوی کاندیداکان هێناوە دوای ئاڵۆزییەکی زۆر کە لیستە بڵاوکراوەکان دروستیانکرد، لەبری ئەوە دەستیان بەخستنەڕوی دیدگایەکی یەکگرتوو بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت کردوە.

سەرکردە شیعییەکان پۆستی سەرۆک وەزیران بە"کارگەیەکی بەرهەمهێنانی سەرکردایەتی" دەزانن، ئەمەش توڕەیی ئەوانی لێکەوتوەتەوە بەهۆی زۆربونی ژمارەی سەرکردە کاریگەرەکان لەناو هاوپەیمانییەکەدا.

لەبەر ئەو هۆیەش، دوو لیژنەی سەرکردایەتی پێکهێنراون بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرکەوتەکانی داهاتوو و چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیداکان به‌گوێره‌ى پێوەرە پیشەییەکان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەرئەوەی کە سەرۆک حکومەتی داهاتوو پێویستە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی چوارچێوەکە بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لێبکرێت لەیاخیبون‌و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی پێبدرێت بەبێئەوەی ببێتە سەرکردەیەکی سیاسیی.

هەروەک چوارچێوەی هەماهەنگیی چاوەڕوانی ئەوەیە کە "باشترین خولی هەڵبژاردن" بۆ هێزە شیعییەکان بەکاربهێنێت لەسایەی نەبونی ڕەوتی سەدریدا، بەڵام ڕوبەڕوی ئاڵنگاری گەورە دەبێتەوە کە پەیوەندی بەگروپە چەکدارەکانەوە هەیە کە هێشتا چەکەکانیان پاراستوەو هەندێک لەهێزەکانیان لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون، ئەمەش پێویستی بەسەرۆک حکومەتێکە کە پاڵپشتییەکی بەهێزی چوارچێوەکەی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە هەستیارەکان لەم دۆسیەیەدا.