تۆڕێکی سیخوڕی ئیمارات لەئەستەنبوڵ دەستگیرکران

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 271 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس: 

داواکاری گشتی ئەستەنبوڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (میت) و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، دەستگیرکردنی سێ کەسی بە تۆمەتی کارکردن بۆ هەواڵگری ئیمارات لە چالاکیی سیخوڕی سیاسی و سەربازییدا ڕاگەیاند.

بەگوێرەی میدیای تورکیا، لە لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە کە کارمەندانی هەواڵگری ئیمارات ژمارە تەلەفۆنی سەر بە کۆمپانیایەکی پەیوەندییەکانی تورکیایان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی ئەکاونتی ساختە و پەیوەندیکردن بەو کەسانەی کە لە پۆستە هەستیارەکانی ناو پیشەسازی بەرگریدا کاردەکەن.

 هەروەها ژمارەی تەلەفۆنی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و چەند بەرپرسێکی بیانیان بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری کەسی لەسەر فەرمانبەران لە پۆستە هەستیارەکاندا.

هاوکات ئاشکرابووە کە چوار کەس لە ناوخۆی تورکیا هاوکاربوون لە کڕینی هێڵی تەلەفۆنی سەر بە کۆمپانیایەکی پەیوەندییە ناوخۆییەکان و گواستنەوەی بۆ دەرەوەی وڵات و ڕادەستی کارمەندانی هەواڵگری ئیماراتیان کردووە.

لە میانەی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەمڕۆ بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، سێ کەس دەستگیرکران، هاوکات فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباری چوارەم دەرچوو کە ئێستا لە دەرەوەی تورکیایە.
ئ.ح