شارپرێس:
سەرۆکی نەیجیریا بۆلا تینوبو، باری نائاسایی لەسەر ئاستی وڵات ڕاگەیاند و پۆلیس و هێزە چەکدارەکانی ئاڕاستە کرد بۆ زیادکردنی بڵاوکردنەوەی هێز بۆ چارەسەرکردنی تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە وڵاتەکەدا.
تینوبو پۆلیسی نەیجیریای ڕاسپارد کە ٢٠ هەزار ئەندامی دیکە زیادبکەن، بەمەش کۆی هێزەکە گەیشتە ٥٠ هەزار کەس.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، تینوبو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕیارەی داوە "لە ژێر کاریگەری خراپتربوونی دۆخی ئەمنی".
سەرۆکی وڵاتەکە دووپاتی کردەوە کە هێزی ئەمنی زیاتر بۆ ئەو ناوچانە جێگیر دەکرێن کە بارودۆخی ئەمنی سەختیان بەسەردا دێت.
تینوبو ستایشی هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی کرد بۆ ڕزگارکردنی ٢٤ کچە خوێندکاری ڕفێنراو لە ویلایەتی کێبی لە باکووری ڕۆژئاوای نەیجیریا و ٣٨ ڕفێنراو لە کڵێسایەک لە ویلایەتی کوارا لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە.
ئ،ح