ئیسلامی سیاسی وەک ڕيشەی سەقامگیری کۆماری ئیسلامی

توێژینەوە و شیکاریی

26 خولەک پێش ئێستا‌ 12 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پوختە

ئەم نووسینە بەدواداچوون بۆ ڕۆڵی ئیسلامی سیاسی وەک ڕیشەى ئایدیۆلۆژی لە سەقامگیریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا دەکات. بە پێچەوانەی ئەو شیکارییەی کە زۆرجار تیشک دەخاتە سەر فیگەر و دامەزراوەکانی ڕێژیم وەک هۆکارى مانەوە، ئەم نوسينە دەریدەخات کە ئایدۆلۆژیای ئایینی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و واتاسازییە کە شەرعیەت و یەکگرتوویی سیستمەکە دەپارێزێت و شیکاری بۆ ئەو فاکتەرە مێژوویی و دامەزراوەیی و کولتوورییانە دەکات کە ئیسلامی سیاسییان گۆڕیوە بۆ جەستەیەکی کۆمەڵایەتی. هەروەها لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە بۆچی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی و دەرەکی زۆرجار خۆیان لە ڕەخنەی ڕاستەوخۆی ئەم ڕەگ و ڕیشەیە دەپارێزن.

پاشخان سەرەڕای چەندین قەیرانی سیاسی، ئابووری و ئەمنی بۆ زیاتر لە چوار دەیە، کۆمارى ئیسلامى ئێران درێژە بە ژیانى سیاسی خۆی دەدات و تەنانەت دواى شەڕى 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسڕائیل، ئەو وڵاتە هێشتا پێگەى خۆى لەدەست نەداوە. زۆرێک لە شیکارییەکان گۆڕانکارییەکان لە ئاستی تاکەکان، دامەزراوەکان، یان سیاسەتی دەرەوەدا دەبیننەوە، بەڵام کەمیان سەرنجیان لەسەر ڕیشەی ئایدیۆلۆژیی، ئیسلامی سیاسییە بۆ شیکردنەوەی سەقامگیری ڕژێم. لەم نوسینەدا وا گریمانە دەکرێت کە ئیسلامی سیاسی تەنها تیۆرەیەک نییە بۆ حوکمڕانى، بەڵکو دامەزراوە و کولتوور و ناسنامەی بەکۆمەڵ لە قاڵب دەداتەوە. پێش شۆڕشی 1979 شیعەگەری لە ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەبوو، بەڵام ڕۆڵی سیاسیی سنووردار بوو. گروپەکانی وەک فەداییانى ئیسلامی نوێنەرایەتی هەوڵێکیان دەکرد بۆ تێکەڵکردنی ئایین و سیاسەت. دوای شۆڕش، مۆدێلی ڤێلایەتى فەقییه بوو بە بنەمایەک کە شەرعیەتی سیاسی بە پیاوانی ئایینی بەخشی. ئەم ئایدۆلۆژیایە بە بەهێزکردنی ناوەندە ئایینییەکان ژیانى کۆمەڵگایان زیاتر لە قالبدایەوە. حەوزە یاخود خوێندنگا ئاینییەکان شانەبەشانەى زانکۆکان کاریان دەکرد و پیاوانى ئاییانیان ئامادە دەکرد بۆ کاری سیاسی.

مزگەوت و ئیمامزادە و ناوەندەکانى خوێندن ببوون بە سەنتەرى پەروەردەی ئایدیۆلۆژی و بڵاوکردنەوەى شیعەگەرایی لە ڕێگەی کتێبی دەرسی و پرۆگرامی پەروەردەی ئایینی و پەروەردەکردنی ڕۆحییەوە، منداڵان لە تەمەنێکی کەمەوە بە چەمکەکانی ئیسلامی سیاسی ئاشنا دەکران سەربارى بەکارهێنانى میدیا، بڵاوکراوە ئاینیەکان وتارەکانی پیاوانی ئایینی، ڕۆژانە گوتاری ئیسلامی سیاسیان بەرهەم دەهێنایەوە و پەیڕەویان لەوتە بەناوبانگەکەى ئیمام خومەینى دەکرد کە دەیوت ئیسلام هەمووى سیاسەتە و سیاسەتیش عیبادەتە. واتاسازی بەکۆمەڵ و میکانیزمەکانی شەرعیەتدان ڕێوڕەسمە ئاینییەکانی وەک موحەڕەم، ئەربەعین، دوعا الکومەیل، ئیعتیکاف، و زیارەتى عەتەبات نەک هەر ڕەهەندێکی ئایینییان هەیە بەڵکو ڕۆڵێکی سیاسی لە نێوان نەوەکانیش دەگێڕن: هەستی شوناسی بەکۆمەڵی شیعە بەهێز دەکەن و بەشداری کۆمەڵایەتی دەکەن. ملیۆنان حاجی ئەربەعین، چ لە ناوخۆی ئێران و چ لە نێو کۆچبەرە ئێرانییەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا، ئەوە نیشان دەدەن کە ئیسلامی سیاسی زیاترە لە سنوورى دەوڵەت و ئایدۆلۆژیا و بۆتە جەستەیەکی کۆمەڵایەتی مانادارە. ئایدۆلۆژیای دژە ئیمپریالیزم و خۆڕاگری و خەبات دژی ڕۆژئاوا (بەتایبەت ئەمریکا) یەکێکە لە پایەکانی ئیسلامی سیاسی کە شەرعیەت بە ڕژێم دەدات و لە سیاسەتی دەرەوەشدا بەکاردێت. ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی بریتییە لە دژە هەژموونى ئەمریکا، ئەم ئایدۆلۆژیایە هەم لە ناوخۆ (وەک گوتاری شۆڕش و دادپەروەری) و هەم لە ئاستی ناوچەیی (وەک لایەنگری موسڵمانەکان چەوساوەکان) وەک سەرچاوەیەکی گرنگی شەرعیەت بەکاردێت. شرۆڤەکاران پێیان وایە کە ڕژیم توانیویەتی لە ڕێگەی پێکهێنانی شوناس و چوارچێوەی مەعریفی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی دروست بکات: شوناسی شیعە + شۆڕشگێڕ + دژە پاوانخوازى تێکەڵ دەکرێت، ئەم گوتارە نەک هەر پێکهاتەی سیاسی بەڵکو کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەیە: بەخشینی مانا بە ئازار، شەهیدبوون، زیارەت، بەرەنگاربوونەوەی ستەم و قوربانیدان لە پێناو ئایدیاڵە ئایینییەکان. سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیش، بە ئیسلامی سیاسیشەوە بەستراوەتەوە لە ڕێگەى پشتیوانی لە هێزە شیعەکان لە ناوچەکە، دروشمی موقاوەمە و کەڵک وەرگرتن لە ئامرازە ئایدیۆلۆژییەکان بۆ شەرعیەتدان بە چالاکییە ناوچەییەکان، جگە لەوەش بوونی گوتاری ئایدیۆلۆژی ڕێگە بە ڕژیم دەدات قەیرانە نێودەوڵەتییەکان بکاتە گۆڕەپانى شەڕی ئایدیۆلۆژی و سوود لە پشتیوانی جەماوەری ئایینی وەربگرێت. بۆچی ڕەخنە لە ڕیشە سەختە؟

1. ئۆپۆزسیۆنی دەرەکی: زۆرێک لە ئۆپۆزسیۆنەکانى دەرەوەی وڵات، ئەگەرچی دژایەتیی سەرکوت و گەندەڵی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی دەکەن، بەڵام خۆیان لە ڕەخنەگرتن لە ڕیشەی ئیسلامی سیاسی بەدوور دەگرن. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم خۆپاراستنە، پۆپۆلیزمی ئایینییە: ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بە ئاشکرا ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسی بگرێت، لەوانەیە پشتیوانی بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئایینی لەدەست بدات و لەلایەن دەسەڵاتەوە حوکمى موحارەبەی خوداى دەدرێتە پاڵ کە سزاکەى کوشتنە، سەربارى ئەوەى کە ئۆپۆزسیۆن پڕۆژەیەکی فیکری عەلمانی ڕوونیان نییە کە بتوانێت بەدیلێکی مانادار پێشکەش بە ئیسلامی سیاسی بکات. 2

. دژایەتی ناوخۆیی: ڕەخنەگرانی وەک نەسرین ستودە، نێرگس محەمەدی، محەمەد نوریزاد، سادق زیباکەلام و چەندانى تر، ڕەخنە دەگرن؛ بەڵام ڕەخنەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر سنووردارە بە سیاسەتەکانی حکومەت و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامەگەری و گەندەڵی و سەرکوتکردن ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسی بە سنووردارى دەمێنێتەوە لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە: ‌

أ. هێڵی سووری ئەمنی: ڕەنگە دەسەڵات بە سەرکوتی توند وەڵامی ڕەخنەکان لە ئایین بداتەوە، بەو پێیەی هەست بە هەڕەشەی سەر بنکە ئایدیۆلۆژییەکەی دەکات. ‌

ب. ترسی شوناس: بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن ترسیان لەوە هەیە کە کۆمەڵگەی ئایینی بە "دژە ئایین" پێناسەیان بکات یان شەرعیەتی ئەخلاقییان بخاتە ژێر پرسیارەوە.

‌ج. مشتومڕی تاکتیکی: هەندێک پێیان وایە هاوڵاتى ئێرانى لە ئێستادا ئامادە نین بۆ ڕەخنەی قووڵ لە ڕەگ و ڕیشەى کۆمارۆى ئیسلامى کە ئیسلامى سیاسییە؛ بۆیە ڕەخنە لە پرسە ڕووکەشەکان دەگرێت. ئەنجام تواناى بەرگەگرتنى کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها پەیوەندى بە تاکەکان و تواناى سیستمەکەوە نییە و ناتوانرێت بە تەواوی شی بکرێتەوە؛ بەڵکو دەبێت وەک دەوڵەتێکی مانادار سەیر بکرێت کە لەسەر بنەمای ئیسلامی سیاسی دامەزراوە. هەژموونی ئایینی، گواستنەوەی ئایدیۆلۆژی لە ڕێگەی دامەزراوە ئایینییەکان و ماناسازیی بەکۆمەڵ لە ئازار و موقاوەمە وبەستنەوەى بە سیمبولە ئاینییەکانەوە، ڕەگ و ڕیشە و هۆکارى مانەوەى کۆمارى ئیلامى ئێرانە.

بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەخنەگرانە لەگەڵ ئیسلامی سیاسی، گۆڕانی پێکهاتەیی ڕاستەقینە قورس دەبێت؛ بەڵام ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بتوانێت بە سەرکەوتوویی گوتارێکی جێگەرەوە بخاتەڕوو، ئەگەری گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە ڕێڕەوی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران لە داهاتوودا هەیە.