شارپرێس:
داواکاری گشتیی تورکیا دوینێ سێشەممە لەڕێگهی بەیاننامەیەکەوە ئاشکرایکرد، چالاکییەکی سیخوڕیی بریکارانی دەزگای هەواڵگریی ئیماراتیان لەئهستهنبوڵ ئاشکراکردوەو چەند کەسێکیان دەستگیرکردوە، بەڵام دواتر بەیاننامەکەی سڕیيهوه.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی داواکاری گشتیی ئهستەنبوڵ، لەئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی تورکیاو بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی تیرۆری پۆلیسی ئهستهنبوڵ، سێ کەس دەستگیرکراونو فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ کەسی چوارەم کە لەدەرەوەی وڵاتە دەرچوە.
دهڵێت، "سهرجهم ئهوانهى دهستگیركراون تۆمەتبارن بەکۆکردنەوەی زانیارییو ژیاننامەی ئەو بەرپرسانەی کە پۆستی هەستیاریان لەدامەزراوەکانی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا هەیە".
ڕاگەیاندنەکەی داواکاری گشتیی ئهستهنبوڵ ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەوکەسانە بەناسنامەی ساختەوە کاریانکردوە، هەروەها هێڵێکی پەیوەندیی مۆبایلیان لەکۆمپانیایەکی تورکی کڕیوەو گواستویانەتەوە بۆ ئیماراتو داویانەتە دەست ئەفسەرانی هەواڵگریی ئیماراتی بۆ جێبەجێکردنی ئەو چالاکییە سیخوڕییە سیاسیو سەربازییە.
داواکاری گشتیی تورکیا دواتر ئەو بەیاننامەیەی لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی سڕیهوهو بەیاننامەیەکی دیكهى لەسەر ئەو چالاکیە بڵاوکردەوە کە هیچ ئاماژەیەکی بۆ وڵاتی ئیمارات تێدانەبوو.
