ئه‌رجه‌نتین باڵیۆزخانه‌كه‌ى له‌ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ بۆ ئۆرشه‌لیم ده‌گوازێته‌وه‌

جیهان

23 خولەک پێش ئێستا‌ 1938 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پابڵۆ کویرنۆ وەزیری دەرەوەی ئەرجەنتین ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی لەئامادەکاریدایە بۆ سەردانێکی نوێی خاڤێر مایلی سەرۆکی ئەرجەنتین بۆ ئیسرائیل‌و لەو سەردانەشدا بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەرجەنتین بۆ ئورشەلیم ڕادەگەیەنرێت.


کویرنۆ لەمیانەی وتارێکدا لەکۆڕبەندی ئابوری ئەرجەنتین-ئیسرائیل لەبۆینس ئایرس ڕایگەیاند، "سەرقاڵی پلاندانانین بۆ سەردانی سەرۆکی وڵات بۆ ئیسرائیل تاوەکو پرۆسەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەمان بۆ ئورشەلیم یەکلایی بکەینەوە".

به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی گۆڤاری "بۆینس ئایرس تایمز"، ئەم لێدوانە دوای دیدارێکی نێوان خاڤێر مایلی‌و گیدئۆن ساعیر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هاتوە، بڕیارە لەمانگی شوباتی ساڵی داهاتودا وەزیری دەرەوەی ئەرجەنتین سەردانی ئیسرائیل بکات بۆ دیاریکردنی بەرنامەی کاری سەردانەکەی سەرۆک مایلی.

گیدئۆن ساعیر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای کۆبونەوەکە وتی، "گفتوگۆمان کردوە لەبارەی سەردانی نزیکی سەرۆکی ئەرجەنتین بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لەئورشەلیم کە پایتەختی هەتاهەتایی ئێمەیە".

ڕۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست" لەزاری وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلەوە بڵاویکردوەتەوە، بڕیارە باڵیۆزخانەی ئەرجەنتین لەئورشەلیم تا بەهاری ساڵی 2026 بەفەرمی بکرێتەوە.

پێشتریش سەرۆکی ئەرجەنتین بەڵێنی ئەوەیدابوو، باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لەتەلئەبیبەوە دەگوازێتەوە بۆ ئورشەلیم.

ساعیر لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ستایشی هەڵوێستەکانی مایلی کردوەو بە"یەکێک لەباشترین دۆستەکانی ئیسرائیل لەجیهاندا" وەسفیکردوە.

هاوکات لەکۆبونەوەکەدا تاووتوێی دۆسیەی حزبوڵڵای لوبنان‌و کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوایکردوە ئەرجەنتین سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوەو لەبارەی هەوڵەکانی حزبوڵڵا بۆ خۆڕێکخستنەوە زانیاریی داوەتە سەرۆکی ئەرجەنتین.