بەژمارە، داهاتە نەوتیی و نانەوتیی و کورتهێنانی بودجە لەمساڵدا ئاشکرا دەکرێت

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 213 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەیدەر شێخ، شارەزای کاروباری ئابووری، نوێترین ئامارەکانی پەیوەست بەداهاتە نەوتیی و نانەوتییەکان و قەبارەی ئەو کورتهێنانە داراییەی ئاشکرا کرد کە لەمساڵدا عێراق ڕوبەڕوی بوەتەوە.

 
شێخ لە لێدوانێکدا بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتووە: "داهاتی هەناردەی نەوت لە دە مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە 89 ترلیۆن دینار و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵ بۆ 105 ترلیۆن دینار بەرز ببێتەوە".

وتوشیەتی: "داهاتە نانەوتییەکان تا کۆتایی ساڵ دەگەنە 13 ترلیۆن دینار".

شێخ ڕوونیکردۆتەوە کە "نزیکەی 80 ترلیۆن دینار لە کۆی داهاتی ساڵانە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی خەرج دەکرێت، و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ خەرجییە گشتییەکانی دەوڵەت دەچێت".

ئاماژەی بەوەشدا کە "کورتهێنانێکی دارایی هەیە بە 30 ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت"، هۆکارەکەشی گەڕاندۆتەوە بۆ "قەبارەی خەرجییە هەنووکەییەکان و بێتوانایی حکومەت لە خەرجکردنی شایستە و پێداویستییەکانی ژمارەیەک لە وەزارەتەکان، لە سەرووی هەموویانەوە وەزارەتی تەندرووستیی، بەهۆی پەسەندنەکردنی خشتەکانی بودجە تا ئێستا".

ئابووریی عێراق بەڕێژەی زیاتر لە 90%ی پشت بە داهاتە نەوتییەکان دەبەستێت، ئەمەش وایکردووە دارایی گشتیی زۆر کاریگەر بێت بە هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

هەرچەندە حکومەت لە ساڵانی ڕابردوودا پلانی بۆ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان ڕاگەیاندووە، بەڵام بەشدارییەکەی هێشتا سنووردارە و بەشی پڕکردنەوەی پێداویستیی خەرجییە گشتییەکان ناکات کە بەردەوام روو لە هەڵکشانە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی