گوێدرێژەکانی غەززە ڕزگار دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ ئەڵمانیا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 214 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەماوەی رابردوودا هەشت گوێدرێژ لە کەرتی غەززەوە لەڕێگای فڕۆکە گواسترانەوە بۆ فڕۆکەخانەی "لیاج" لە بەلجیکا پاشان بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، بەشێوەیەک چوار گوێدرێژیان برانە "تیرگارتن ئۆپنهایم" لە ویلایەتی ڕاینلاند بفالتس، هەروەک چوار گوێدرێژەکەی تریش لە کێڵگەی "باڵەرمان ڕانش" لە گوندی "بلوکڤینکل"ی سەر بە ویلایەتی ساکسۆنیای خواروو جێگیر کران.

 
لە ئۆپنهایم، شوێنێکی تایبەتیی ئامادە کراوە بۆ پێشوازیکردن لە گوێدرێژەکانی غەززە، بەو پێیەی کە ئەوان لە غەززە ڕاهاتوون بە کەشوهەوایەکی گەرمتر. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە گوێدرێژەکانی غەززە دەستیان کردووە تەێکەڵاوبوون لەگەڵ دانیشتوانی تری باخچەکە و باری تەندروستییان باشە.

ئەم پڕۆسەیە لە لایەن ڕێکخراوێکی ئیسرائیلی بە ناوی "تسوفلوخت تسوم نۆی ئانفنغ" (Zuflucht zum Neuanfang) کە بە واتای "پەناگە بۆ دەستپێکی نوێ" دێت، ڕێکخراوە.
بەرپرسانی ڕێکخراوەکە شانازی بەوەوە دەکەن کە تەنها لەم گواستنەوەیەدا نزیکەی پەنجا گوێدرێژی "سەرگەردان یان بریندار"یان لە ناوچەی جەنگی غەززە ڕزگار کردووە، هەروەها دەڵێن کە لە سەرەتای جەنگەوە نزیکەی 600 گوێدرێژیان لە کەرتی غەززە دەرکردووە.

ئەم کارە مشتومڕێکی گەورەی لەنێو ڕای گشتیی ئەڵمانیا دروست کردووە. پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن گرنگی بە گواستنەوەی گوێدرێژەکانی غەززە بەم شێوەیە دەدرێت، لە کاتێکدا ئەڵمانیا هێشتا ڕەتیدەکاتەوە چارەسەر بۆ زۆربەی منداڵە بریندارەکانی غەززە دابین بکات.

هەرچەندە چەندین شاری ئەڵمانیا ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاندووە بۆ پێشوازیکردن لە منداڵە بریندارەکانی غەززە، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا  ڕایگەیاند کە سەرنجیان لەسەر پێشکەشکردنی هاوکارییە بۆ منداڵان و هاوڵاتییانی سڤیل لە غەززە لەسەر خاکی خۆیان.

هەروەک، شارەوانی ئۆپنهایم ڕایگەیاندووە هیچ پەیوەندییەکی بەم پڕۆسەیەوە نییە، کە بە هاوکاریی تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی کارمەندانی پاراستنی ئاژەڵان ئەنجام دراوە.

ئەوەی جێگای ئاماژەیە، ئەڵمانیا لە ڕابردوودا پێشوازی لە دوو منداڵی برینداری غەززە کردبوو، بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەی چارەسەرەکە، ناچار کران وڵاتەکە بەجێبهێڵن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی