شارپرێس:
بهگوێرهى میدیاى نزیك لهپارتى، ماوهى دوو ڕۆژە تیمێکی چاودێریی دارایی عێراق بۆ وردبینی لەخەرجیو داهاتەکانی حکومەتی هەرێم لەهەولێرنو مهبهستیانه پێداچونەوە بەخەرجیو داهاتەکانی هەموو مانگەکانی ئەمساڵ بکەن، تیمەکە بەسەر چەند لیژنەیەکدا دابەشبون، سەردانی گومرگو وەزارەتەکانیش دەکەن.
سێ مانگ جارێک تیمێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، سەردانی هەولێر دەکەن، پێداچونەوە بەتەرازوی پێداچوونەوەدا دەکەن، واتا پێداچونەوە دەکەن بەخەرجیو داهاتەکانی سەرجەم وەزارەتو فەرمانگەکانی حکومەت.
لهوبارهیهوه سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژهى بهوهداوه، تیمهكهى چاودێری دارایی عێراق، بەهاوبەشی لەگەڵ تیمی چاودێری دارایی هەرێم سەردانی دامەزراوەکان دەکەن.
ئهوهشى ڕونكردوهتهوه، بەقۆناغ هەموو دامەزراوەکان بەسەردەکەنەوە، لەخەرجی، داهاتو میلاکاتی مانگانە دەکۆڵنەوە، واتا بهگوێرهى تەرازوی پێداچونەوەی داهاتو خەرجی هەر دامەزراوهیهك مانگانە چەندە لەگەڵ داتاکانی وەزارەتی دارایی هەرێم بەراوردی دەکەن، ئەگەر هاوتابون ئەوا کێشەیان نابێت، ئەگەر هاوتا نەبون بەتێبینی لای خۆیان تۆماری دەکەن.
ئهو سهرچاوهیهى وهزارهتى دارایی ههرێم ڕونیكردوهتهوه، ئێستا لیژنەکە لەگومرگی هەولێرە، ئەو داهاتەى کۆکراوەتەوە بەراوردی دەکەن لەگەڵ ئەو داهاتەی لەداتاکانی وەزارەتی دارایی وەریانگرتوە، ئەگەر تێبینیان هەبێت، ڕەنگە سەردانی دەروازەکان بکەن، ئەگەرنا لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ کارەکانیان تەواودەکەن.
ئهمهش لهكاتێكدایه، مانگی یەکی ئەمساڵ یاسای خانەنشینیی هەرێم هاوتای عێراق کرا، بەهۆیەوە زیاتر له 25 هەزار فەرمانبەر خانەنشین بون، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەسوکاری شەهیدانی پلەیەکو پلەدوو لەمانگی یەک خانەنشین بونو مانگی چوار ڕەزامەندی گەڕانەوە بۆ وەزیفەیان دەرچوو، ماوەی خزمەتیان درێژکرایەوە، میلاکاتی حکومەتی هەرێم لەدامەزراوەکان گۆڕانکاریی بەسەرداهات، واتا مانگی یەک کەمبوو، دوای گەڕانەوەی ئەو توێژانە زیادبوو، ئەمەش کارێکی دیکەی ئەو لیژنانەی چاودێری دارایی دەبێت، کە پێداچونەوەی پێدادەکەن.
وهكو سهرچاوهكهى دارایى ههرێم وتویهتى، "هاتنی ئەو تیمە گرنگە، ئیتر عێراق دڵنیادەبێتەوە هەموو خەرجیو داهاتەکان هیچ کێشەیەکیان نییە، ڕێگە خۆشکەردەبێت بۆ لابردنى ئاستەنگى بەردەم ناردنى موچەى فهرمانبهرانو موچهخۆرانى هەرێم".
