ئەگەر رۆژانە قاوە بخورێتەوە چی بەسەر جەستەدا دێت؟

تەندروستی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 931 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بەشێکی زۆری خەڵک ڕۆژانە بە کوپێک قاوە دەستپێدەکەن بۆ بەئاگا هاتنەوە و بەردەوامبوونی کار بە شێوەیەکی کاریگەر. بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی زانستی "ڤێری وێڵ هیڵس"، کاریگەرییەکانی قاوە لەسەر جەستە تەنها بریتی نییە لە دوورخستنەوەی خەواڵوویی، بەڵکو کاریگەرییەکی قووڵتری هەیە.

کاریگەرییە ئەرێنییەکان: کافایین وەک ماددەیەکی هۆشیارکەرەوە، ڕێگری لە ئەدینۆزین دەکات، ئەمەش وا دەکات هەست بە چاڵاکیی مێشک و وریایی بکەیت و باری دەروونی باشتر بکات.
خواردنەوەی قاوە بە شێوەیەکی مامناوەند پەیوەستە بە کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، وەک شەکرە لە جۆری 2 و نەخۆشی پارکینسۆن، هەروەها دژەئۆکسانەکانی ناو قاوە تەندروستی دڵ باشتر دەکەن و مەترسی جەڵتەی مێشک کەم دەکەنەوە.
 خواردنەوەی نێوان 2 بۆ 4 کوپ قاوە لەوانەیە بە شێوەیەکی کاتی ڕێژەی میتابۆلیزم بەرزبکاتەوە و چەوری بسووتێنێت، بەتایبەتی پێش وەرزشی کاردیۆ.
 لە کۆتاییدا، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە قاوەخۆرەکان لەوانەیە تەمەنێکی درێژتر بژین.
کاریگەرییە نەرێنییەکان: خواردنەوەی قاوە لەوانەیە دڵەڕاوکێ و توڕەیی زیاتر بکات، بەتایبەتی لەو کەسانەی کە مەیلی دڵەڕاوکێیان هەیە. هەروەها، لەوانەیە ببێتە هۆی کێشەی هەرس و ترشەڵۆکی گەدە.
 کافایین دەکرێت تا 10 کاتژمێر لە جەستەدا بمێنێتەوە، بۆیە خواردنەوەی لە پاشنیوەڕۆدا دەبێتە هۆی تێکچوونی نووستن و دابەزینی وزە.
بڕی سەلامەت: زۆربەی گەورەساڵان دەتوانن ڕۆژانە تا 400 ملیگرام کافایین (نزیکەی 3 بۆ 4 کوپ قاوە) بە سەلامەتی بخۆنەوە، بەڵام، ئەوانەی هەستیارن، پێویستە کەمتر بخۆنەوە.
 ئافرەتانی دووگیان دەبێت خواردنەوەیان سنووردار بکەن بۆ 200 ملیگرام یان کەمتر لە ڕۆژێکدا.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی