شارپرێس:
سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سنە و یەکێک لە ئەندامانی (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) سەر بەپژاک کە ئێستا لە بەندیخانەی ئێڤینی تارانە، هەڵوەشایەوە و دووبارە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا هەڵوەشایەوە و بۆ دووبارە لێکۆڵینەوە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بەڕێکرایەوە.
مستەفا نیلی، پارێزەری وریشە مورادی لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند "دوای لێکۆڵینەوە لە داوای پێداچوونەوەی پەسەندکراو سەبارەت بە خاتوو وریشە مورادی لە دیوانی باڵا، بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و پابەندنەبوون بە ڕێکارە یاساییەکان سزای دەرچووی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران هەڵوەشێنرایەوە و دۆسیەکە دووبارە بۆ لێکۆڵینەوە بەڕێکرایەوە".
ئەو بەندکراوە سیاسییە ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی ئەبوولقاسم سەلەواتی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک سزای سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
مورادی (١ی ئابی ٢٠٢٣)، لە ڕێگەی مەریوان بۆ سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.