لەعەفرین پێشێلکاری توندڕەوەکانی تورکیا بەرامبەر کورد بەردەوامە

کوردستان

16 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 270 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

ئیبراهیم شێخۆ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا، ئاماری ئەو پێشێلکارییانەی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی ئەمساڵدا لە ناوچەی عەفرینی داگیرکراو ڕوویانداوە و جەختی لەسەر بەردەوامی تاوانەکانی تورکیا و میلیشیاکانی کردەوە.

ئیبراهیم شێخۆ دووپاتی کردەوە، لەعەفرین تاوانی ڕۆژانە بەردەوامەو، لەمساڵدا زیاتر لە 160 حاڵەتی ڕفاندن و نزیکەی 60 کوشتن و زیاتر لە 2500  بێسەروشوێنکردنی هاوڵاتیان ئاشکراکراوە، ئەمە جگە لە تاڵانکردن و لەناوبردنی موڵک و ماڵی دانیشتووان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەیسی سووکایەتیکردن و دەستدرێژیکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی بووەتە دیمەنێکی دووبارەبووەوە".

ڕوونیشیکردەوە، ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی ئاوارەبوون هەر ماون، پێشێلکارییەکانیش لە عەفرینی داگیرکراو بەردەوامن.

شێخۆ دەشڵێت، "لاوازی دەسەڵاتی حکومەتی ڕاگوزەر لە عەفرین ڕێگەی بە میلیشیاکان داوە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ناوچەکە بەڕێوەببەن، ئەمەش وایکردووە گەڕانەوەی ئاوارەکان مەترسییەکی زۆری لەسەر بێت".