لەهێرشێكی چەكداریدا لە ئوسترالیا 12 جولەكە كوژران

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 639 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 لەئەنجامی هێرشێكی چەكداریدا لە نزیك شاری سیدنی پایتەختی ئوسترالیا  12 جولەكە كوژران و نزیكەی 30 كەسی دیكەش برینداربوون.

پۆلیسی ئوسترالیا رایگەیاند، هێرشەكە كراوەتەسەر ئاهەنگێكی گەورە كە زیاتر لە هەزار كەس ئامادەبوون بەبۆنەی جەژنی جولەكەكانەوە لە كەناراوی بۆندی لە شاری سیدنی.

پۆلیسی شارەكە رایگەیاند، هێرشەكە لەلایەن دوو كەسەوە ئەنجامدراوە، یەكێك لە هێرشبەرەكان كوژراوە و ئەوەی دیكەش برینداربووە و چەند بۆمبێكیش دۆزراونەتەوە.

ئەم هێرشە كاردانەوەی گەورەی جیهانی لێ كەوتەوە، هەریەكە لە ئەمریكا و بەریتانیا و یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و دەوڵەتی قەتەر بەتووندی هێرشەكەیان شەرمەزاركرد و خوازیاری چاكبوونەوەی هەرچی زووتری بریندارەكان بوون.

لای خۆیەوە كاربەدەستانی ئیسرائیل هێرشەكەیان بە فراوانبوونی دژایەتی جولەكە زانی و ئوسترالیایان بەرپرسیار كرد لەم هێرشەدا، چونكە پێشتر چەند جارێك هۆشدارییان داوەتە سیدنی لەبارەی زیادبوونی چالاكی دژی جولەكەكان.

چەند كاربەدەستێكی ئیسرائیلی هەڵوێستی توندیان بەرامبەر ئوسترالیا نیشاندا و داننان بە دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن ئەو وڵاتەیان وەك پاداشت بۆ تیرۆر و هۆكارێكی هێرشەكەی ئەمڕۆ زانیوە.

هەروەها ئیسرائیلییەكان ئێرانیان تۆمەتباركردووە بە دەستهەبوون لە هێرشەكەی سیدنیدا، دەڵێن ئێران ماوەیەكی زۆرە خەریكی چالاكییە دژی جولەكەكان.

سەرۆكی ئیسرائیل و دەزگای مۆساد دەڵێن چەند جارێك هۆشیدارییان بە ئۆسترالیا داوە و داوای پارێزگاری جولەكەكانیان كردووە.

سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا دەڵێت هێرشەكەی ئەمڕۆ لەسەرووی چاوەڕوانییەكانەوە بووە و مەترسیداربووە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بەتوندی شەرمەزاری هێرشەكەی كردووە و پاڵپشتی بۆ قوربانیان نیشانداوە.

نوێنەرایەتی ئاینی ئیسلامی لە ئوسترالیا بەتوندی شەرمەزاری هێرشەكەی كردووە و پشتیوانی بۆ جولەكەكان نیشانداوە.
ئ.ح