شارپرێس:
چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ پێکهاتەی سوننەو سبەینێش شیعەکان کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران یەکلایی بکەنەوە، لەکاتێکدا ناکۆکی و دابەشبوون لەناو پێکهاتەی کورد لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار بەردەوامە.
ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی سوننەکان ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان کە لە نەریتی سیاسی نوێی عێراقدا ئەو پۆستە بەپشکی ئەو پێکهاتەیە دیاریکراوە.
سەڵاح مەرعاوی ئەندامی هاوپەیمانی عەزم بەڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی راگەیاند، کۆبوونەوەکە لەبارەگای سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەیان بەڕێوەدەچێت، بۆ یەکلاکردنەوەی یەک کاندید یان دوان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
لای خۆیەوە، سەڵاح کوبەیسی ئەندامی هاوپەیمانی سیادە ئاماژەی بەوەکرد، زۆربەی پێکهاتەکانی ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی سوننەکان کاندیدیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و پێویستە بگەن قۆناغی تەوافوق بۆ خستنەڕوی کاندیدێک یان دوان.
هاوکات لەگەڵ نزیکبونەوەی پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان سەرقاڵی یەکلاییکردنەوەی کاندیدێکە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران.
حوسام حەسەنی ئەندامی مەکتەبی سیاسی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند دەکات و سبەینێش چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران یەکلایی دەکاتەوە.
جیاواز لەشیعە و سوننە، کورد تائێستا هەنگاوی نەناوە بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکانی بەتایبەتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار کە بە شکی کورد دیاریکراوە و هەریەکە لەپارتی و یەکێتی ئەو پۆستە بەمافی خۆیان دادەنێن.
کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی شەممە بەڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، پۆستی سەرۆک کۆمار موڵکی حزبێکی دیاریکراو نییە، ئەو لایەنەی زیاتر لەملیۆنێک دەنگی هێنا (پارتی) رۆڵی دەبێت لە دیاریکردنی سەرۆک کۆمار.
کەرکوکی هەروەها سێ بژاردەی بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکە خستەڕوو، یان پارتی خۆی پۆستەکە وەربگرێت، یان بیدات بەلایەنێکی دیکە، یان بیدات بەکەسێکی بێلایەن.
جەختکردنەوەی پارتی لەسەر ڕۆڵی لەدیاریکردنی پۆستی سەرۆک کۆمار لەکاتێکدایە، یەکێتی ئەو پۆستە بە پشکی خۆی دادەنێت، کە ماوەی 20 ساڵە لەلای ئەو حزبەیە لەبەر پێدانی پۆستی سەرۆکی هەرێم بەپارتی، ئەوەش بەپێی ڕێککەوتنی نێوانیان لەساڵی 2005 کە دواتر بوە بناغەی ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوانیان.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەچەند ڕۆژی ڕابردودا جەختیکردەوە، وەك یەكێتی كاندیدیان بۆ سەرۆك كۆمار دەبێت.
سەعدى پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، حزبەكەی سورە لەسەر پاكیجی خۆی بۆ بەشداركیردن لەحكومەتی نوێی هەرێم و عێراق و وتی، یەكێتی گۆرانكاری لەمەرجەكانی نەكردوە كە گرنگترین مەرجی بۆ ڕێككەوتن چەند پۆستێكی باڵایە.
بەپێی رێکارە دەستورییەکان، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، سەرۆک کۆمار بانگهێشتی پەرلەمانتارانی خولی نوێ دەکات بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی یەکەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای هەڵبژاردنی دەستەکە، پێویستە لەماوەیەکدا کە لە 30 رۆژ تێپەڕنەکات ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژێردرێت، بۆ ئەوەی کاندیدی فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمان راسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ئەویش لەماوەیەکدا کە لە 30 رۆژ تێپەڕنەکات.