شارپرێس:
پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری سەر بەپارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دهم پارتى) لەلێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "ژن نیوز"، جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەسەرەتای دەستپێکردنی هەوڵەکانی چارەسەری کێشەی کورد کردوهتەوە، کە ئەو دەرفەتەی بە"مێژویی" وەسفکردوەو هۆشداریی لە لەدەستچونی داوە.
بوڵدان ڕونیکردوهتەوە، ئۆجەلان خاوەنی تێڕوانینێکی ژیرانەیە، ئامانجی لێی کشانەوەی پەکەکە لەشەڕو گواستنەوەی کێشەکە بۆ بواری یاساییو سیاسی، چارەسەرکردنی لەچوارچێوەی پەرلەمانو یەکخستنی واقیعی کورد لەناو شەرعییەتی کۆمای تورکیادا، بەوپێیەش دەرگا بۆ کۆمارێکی دیموکراتیو ئاشتییەکی بەردەوام دەکرێتەوە.
لەدرێژەی قسەکانیدا، بوڵدان ئاماژەی بەوەکردوە، ئۆجەلان بەهێزترین ڕۆڵ بۆ ژنان دەبینێتو چاوەڕێی چالاکیی کارایان لێدەکات لەسیاسەتو پڕۆسەی چارەسەریدا، هەروەها داوای لەکۆمەڵگەو هێزە سیاسییەکان کردوە، پاڵپشتی ئەو دەستپێشخەرییەبن.
سەبارەت بەسوریا، بوڵدان باسی لەگفتوگۆکانی تایبەت بەیەکخستنی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق کرد، بەهەڵەی زانی هەردوو پرسی سوریاو تورکیا جیابکرێنەوەو جەختی لەسەر ئەرێنیبونی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کردەوە.
باسی لەوەشکرد، ئۆجەلان ئامادەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەگەڵ دیمەشق لەڕێگهی یەکخستنێکی دیموکراتییەوە دەربڕیوە، وەک "نیشانەی نیازپاکی".
لەکۆتاییدا، بوڵدان پێداگریی لەسەر گرنگی دەستەبەرکردنی گفتوگۆیەکی ئازاد، مەرجەکانی کارکردنو پەیوەندییو بەپەلە دانانی "یاساکانی ئاشتی" کرد، وەک پارێزەرێکی یاسایی بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
