ژمارەیەک پەنابەری کورد بۆ دیپۆرتکردنەوەیان لە لەندەن دەستبەسەر کران

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 253 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

سکرتیری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی ئاشکرایکرد، ژمارەیەك پەنابەری کورد لەگرتووخانەیەك دەستبەسەرکراون بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان لەبەریتانیا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فیدراسیۆنەکە، رێبوار پەنابەرێکی کورد لەگرتووخانەی دەستبەسەری هارمۆندسورس لە لەندەن ڕایگەیاندووە، زیاتر لە ٢٥ پەنابەری کورد لەم گرتووخایە راگیراون بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوە بۆ عێراق".

دەشڵێت،  "ماوەی ٢٥ ساڵە لە وڵاتی بەریتانیا ژیان بەسەر دەبات و خاوەنی خێزان و ٧ منداڵە".

هەروەها دەڵێت، دۆێنێ یەكێك لەو پەنابەرە کوردانەی ئەم گرتووخانەیەیان بردە فڕۆکەخانەی هیسرۆ بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوە بەڵام خۆشبەختانە ناردنەوەکەی راگیرا وگەڕێندرایەوە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەوڵانەی  حکومەتی بەریتانیا لەچوارچێوەی واژوکردنی ڕێککەوتنێکی فەرمییە  لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بۆ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی  ئەو هاووڵاتییە عێراقیانەی کە داوای مافی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە. ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی پەڕینەوەی بەلەمی بچووك و سنووردارکردنی  چوونی پەنابەران.

دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی سەبارەت بەدەستگیرکردنی ژمارەیەك پەنابەری کورد لە بەریتانیا وتی"دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە لەلایەن پەنابەرە دەستگیرکراوەکان هەوڵەکانی خۆمان دەستپێکردووە تا بەهانای ئەو پەنابەرانەوە بچین ".

دەشتی جەمال دەڵێت، بە توندی دژی هاوکاری حکومەتەکانی بەریتانیا و عێراقم سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ بۆ عێراق. گەڕانەوەی خەڵك بۆ وڵاتێك کە زۆرێکیان ڕووبەڕووی نائەمنی، گۆشەگیری، یان نەبوونی پاراستن دەبنەوە، پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و مافی پەنابەریە. بڕیارەکانی پەنابەری دەبێت مرۆڤانە و دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای سەلامەتی ڕاستەقینە بێت نەك گرێبەستی سیاسی".

ڕونیشیکردەوە، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا و عێراق هاوبەشن لە ناچارکردنی پەنابەران بۆ دیپۆرتکردنەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەستبەسەرکردن و فشار و تۆقاندن. ئەو کەسانەی بەناچاری لە دەست دۆخی  عێراق و هەرێم و میلیشیاکان هەڵهاتوون، ئێستا دەنێردرێنەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەمان ئەو دەسەڵاتانە ببنەوە کە گۆشەگیرییان کردوون. ئەمە سزای بەکۆمەڵە نەك کۆنترۆڵکردنی کۆچ. گەڕانەوەی زۆرەملێ بۆ عێراق سەلامەتی نییە  و پشتکردنە لە بڕیارەنامە جیهانییەکان لەبارەی مافی پەنابەریوە.
ئ.ح