شارپرێس:
پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە نییە واز لەخواستی خۆی
بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بهێنێت و بۆ ئەو پۆستە رکابەری یەکێتی
نیشتیمانی کوردستان دەکات، بەوشێوەیەش هەریەکە لە پارتی و یەکێتی دوو کاندیدی
جیایان بۆ ئەو پۆستە دەبێت، هەرچی پۆستی سەرۆک وەزیرانیشە، لایەنە شیعەکان ژمارەی کاندیدەکانیان
بۆ سێ کەس کەمکردەوە.
تەلەفزیۆنی (العربي)ی قەتەری لەزاری
سەرچاوەیەکییەوە بڵاویکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت فوئاد حسێن وەزیری
دەرەوەی عێراق بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکات، بەڵام یەکێتیش کاندیدی خۆی هەیە
و نزار ئامێدی، وەزیری پێشوی ژینگەی عێراق بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکات.
هاوکات، بەپێی زانیارییەکانی شارپرێس، لەکۆبونەوەی
ئەمڕۆی نێوان هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لەپیرمام تاوتوێی پۆستی سەرۆک کۆماری
عێراق کراوە و هەردولا لەسەر ئەو پرسە نەگەیشتون بە هیچ رێککەوتنێک.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆک وەزیرانیش، چوارچێوەی هەماهەنگی
ژمارەی کاندیدەکانی بۆ سێ کەس کەمکردوەتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە محەمەد شیاع
سودانی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، عەلی یوسف شوکری سەرۆکی دەستەی راوێژکاران
و حەمید شەتڕی سەرۆک دەزگای هەواڵگری عێراق.
محەمەد سەردار
