پارتی لەبارەی گفتوکۆکانی پێکهێنانی حکومەت بڕیاری نوێیدا

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 665 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
شارپرێس:
کۆمیتەی ناوەندی پارتی ڕایگەیاند، دەرگاى گفتوگۆمان بۆ ڕێککەوتن بە گوێرەى ئەنجامەکان و ئیستحقاقاتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کراوەیە و، دەبێت ڕێز لە دەنگ و متمانەى خەڵکى کوردستان بگیرێت.

کۆمیتەی ناوەندی پارتی دوای کۆبوونەوەی لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، پارتیمان بەباشى نازانێت گفتوگۆى پرۆسەى پێکهێنانى کابینەکانى حکومەتى هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕاگەیاندراوی كۆبوونەوەی فراوانى
 كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان
 
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بە ئامادەبوونى هەڤاڵان جێگرانى سەرۆک و ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى لقەکان، ئەمرۆ پێنج شەممە ١٨ کانوونى یەکەمى ٢٠٢٥، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.
كۆبوونه‌وه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان، سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌مشه‌ له‌یاد ده‌ستی پێكرد، دواتر چەند پرس و تەوەرێکى گرنگ و هەنوکەیى خرانە بەرباس و گفتوگۆ و، بریارى پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا.

تەوەری یەكەم/ پڕۆسەى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنى هەڵبژاردنى ساڵى ڕابردوو دەستى پێکرد، جێگاى داخە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پەرلەمانى کوردستان کارابکرێتەوە و، سەرۆکى هەرێم هەڵبژێردرێت و کابینەى دەیەم پێکبهێنرێت.
پارتیمان هەر دواى پەسەندکردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن لە ڕێگاى شاندێکى تایبەتەوە سەردانى حزب و لایەنەکانى کوردستانى کرد و دەرگاى گفتوگۆى کردەوە بە مەبەستى پێکهێنانى حکومەتێکى بنکە فراوان، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد کە ڕێز لە بژاردەکەیان گیرا، هاوکات گفتوگۆى نێوان پارتیمان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بەردەوامبوو و زۆر هەوڵماندا ڕێککەوتنمان نەگاتە کاتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بەڵام بە داخەوە یەکێتیى نیشتمانى بەهۆى لێکدانەوە و پێشبینى پێشوەختەى هەڵەیان بۆ دەرئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، گفتوگۆکانیان بەبێ پاساو درێژکردەوە تا دواى کۆتاییهاتنى هەڵبژاردنى ١١ـی ١١ـی ٢٠٢٥ی ئەنجوومەنى نوێنەران، هەرچەند لەو بارەوە ئاگادارکرابوونەوە کە هەلومەرجى پێش هەڵبژاردن و دواى هەڵبژاردن هەمان زەمینە و هەلومەرج نابن، بەڵام یەکێتيی نیشتمانى بریارى خۆى دابوو.
ئێستاش دەرگاى گفتوگۆمان بۆ ڕێککەوتن بە گوێرەى ئەنجامەکان و ئیستحقاقاتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کراوەیە و، دەبێت ڕێز لە دەنگ و متمانەى خەڵکى کوردستان بگیرێت، پارتیمان بەباشى نازانێت گفتوگۆى پرۆسەى پێکهێنانى کابینەکانى حکومەتى هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت، پێویستە پرسى هەرێم چارەسەربکەین پاشان هەنگاوى پێویست و هاوبەش بنێین بۆ بەغدا، لەم بارەشەوە شاندى پارتیمان دەستبەکار بووە.

تەوەری دووەم/  بابەتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقى فیدراڵ کە لە ١١ـی ١١ـی ٢٠٢٥ ئەنجامدرا و پارتیمان سەرکەوتنێکى گەورەى بەدەست هێنا و دەنگ و متمانەى زیاتر لە یەک ملیۆن و سەد هەزار دەنگدەرى کوردستان و عێراقى مسۆگەرکرد و، ژمارەیەکى بەرچاوى کورسیەکانى پارێزگاکانى هەرێم و عێراقى بەدەستهێنا، ئەوەش بەرى ڕەنجى خەبات و خوێنى شەهیدان و لێزانی و کارامەیى و ماندوبوونى بەرپرس و کادیر و ئەندامان و جەماوەرى پارتیمان و ڕێبازى پیرۆزى بارزانییە و، ئاکامى متمانەى خەڵکى بەوەفاى هەرێمى کوردستان و ناوچەکوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم بۆ سەرۆک و سەرکردایەتى و ئۆرگانەکانى پارتیمانە، بۆیە کۆبوونەوە سوپاسى سەرجەم بەرپرسانى حزبى و حکومى و، کادیر و پێشمەرگە و ئەندامان و، کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و جەماوەرى دڵسۆز و بەوەفا و، لیژنە و میحوەر و تیم و بازنەکانى هەڵبژاردن و، ڕێکخراوە جەماوەرى و پیشەییەکان و تەواوى ئۆرگانەکانى کرد بۆ ئەو خۆماندووکردن و خۆبەخاوەن زانینەى کە بۆ سەرخستنى پارتیمان هەیان بوو، هەروەها سوپاسى دامودەزگا ئەمنیەکانى کرد بۆ ڕەخساندنى کەشێکى هێمن و گونجاو بۆ بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە و،  پیرۆزباییشى لە کاندیدە سەرکەوتووەکان و هەروەها دەستخۆشى لە تەواوى کاندیدەکانى پارتیمان کرد کە بەوپەڕى دڵسۆزى و لەخۆبوردوییەوە هەوڵى سەرخستنى لیستى (٢٧٥)ى پارتەکەیان دا، هەروەها کۆبوونەوە وێڕاى هیواى سەرکەوتن داواى لە کاندیدە دەرچووەکان کرد دڵسۆزانە نوێنەرایەتى ئێش و ئازار و داواکاریی و خواستەکانى هەموو خەڵکى کوردستان و عێراق بکەن و، هەموو تواناکانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان و داڕشتنى یاساى گونجاو بۆ خزمەتى گەلانى عێراق و پڕۆسەى حوکمڕانییەکى باش لە وڵات و، ببنە چاوى هەمووان بەسەر کار و چالاکییەکانى حکومەتى فیدراڵ و دامەزراوەکانەوە.

تەوەری سێیەم/کۆبوونەوە بەشایستەى خەڵکى کوردستانى دەزانێ یەک دەنگ و یەک ڕیز وەکو نەتەوەى کورد لە بەغدا گفتوگۆ بکرێت، نەک وەکو پارتى سیاسى. کورد و کوردستانیان لەگەڵ برایانى شیعە و سوننە شەریکى ڕاستەقینەى حوکمڕانى عێراق بن بە لە بەرچاوگرتنى ماف و ئازادى سەرجەم پێکهاتەکانى دیکە،  هەروەکو پێشتر کە لەسەر سێ بنەما دەوڵەتى نوێى عێراق دامەزرایەوە ئەوانیش (هاوبەشى، هاوسەنگى، سازان)بوون و، ئەو سێ چەمکە بوونە ڕوحى دەستوورى هەمیشەیى عێراقى فیدراڵ، ئێستاش پتەوکردنى ئەو سێ بنەمایە بۆ باش بەڕێوەبردن و پڕۆسەى حوکمرانى وڵات پێویستن.

ئ.ح