شارپرێس:
لە مێژووی ژێرخانی عێراقەوە، پڕۆژەی شەمەندەفەری کارەبایی لەناو “رێگای گەشەپێدان”دا وەک یەکێک لە پڕۆژە گەورە و کاریگەرەکان دیارە، نەک تەنها لەڕووی گواستنەوەی ناوخۆییەوە، بەڵکو لەڕووی پێگەی عێراق لە هاوکێشەی بازرگانی جیهانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا.
پڕۆژەکە لە بەندەری فاو لە باشوورەوە تا سنووری هەرێمی کوردستان درێژدەبێتەوە ئەمە ڕەنگدانەوەی دیدێکی سیاسی و ئابوورییە کە ئامانج لێی گۆڕینی عێراقە بۆ ڕێڕەوێکی لۆجستیکی ناوچەیی، کە کێبڕکێ لەگەڵ ڕێگا دەریاییە تەقلیدییەکاندا دەکات.
ڕێگای گەشەپێدان: لە بیرۆکەوە بۆ جێبەجێکردن
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاندووە، پڕۆژەکانی هێڵی ئاسنی پەیوەست بە ڕێگای گەشەپێدان چوونەتە قۆناغێکی چارەنووسساز بۆ جێبەجێکردن، ئەمەش گواستنەوەی پڕۆژەکە لە پلاندانانەوە بۆ جێبەجێکردن.
بە وتەی شارەزایان، ئەم ڕێڕەوە نوێیە تەنیا ڕێڕەوێکی گواستنەوە نییە، بەڵکو تۆڕێکی یەکگرتووە کە هێڵی ئاسنین و ڕێگا سەرەکییەکان لەخۆدەگرێت، کەنداوی عەرەبی بە سنووری تورکیاوە دەبەستێتەوە. ئەم پڕۆژەیە بەشداریی ناوچەیی لە تورکیا، ئیمارات، قەتەر، و عومان لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە وەبەرهێنانە بەرچاوەکانی کەنداو.
هێڵی ئاسن: بڕبڕەی پشتی گواستنەوەی نیشتمانی
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە، مەیسەم ئەلسافی دەڵێت، پرۆژەکانی هێڵی ئاسنین لەناو ڕێگای گەشەپێدان بڕبڕەی پشتی تۆڕی گواستنەوەی نیشتمانی پێکدەهێنن، بۆ هەردوو گواستنەوەی سەرنشین و بار.
لە ڕونکردنەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، پڕۆژەکە زیاتر لە هەزار و 47 کیلۆمەتر هێڵی شەمەندەفەر لەخۆدەگرێت، کە لە بەندەری ئوم قەسرەوە لە بەسرە درێژدەبێتەوە و بە بەغدا تێدەپەڕێت و دەگاتە موسڵ.
ئەلسافی پێی وایە کراوەیی وەزارەت بەڕووی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکانی تایبەتمەند لە کەرتی شەمەندەفەردا، گوزارشت لە جددی حکومەت دەکات لە مۆدێرنکردنی تۆڕەکە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان هاوتەریب لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنەلۆژی و دابینکردنی پێداویستییەکانی گەشەسەندنی ئابووری عێراق.
لە ڕووی ژینگەیی و ئابوورییەوە، شەمەندەفەری کارەبایی گرنگییەکی سەرەکیی هەیە. بە وتەی ئەلسافی، پڕۆژەکە دەکەوێتە چوارچێوەی ستراتیژی گواستنەوەی بەردەوام، پشت بە تەکنەلۆژیای هاوچەرخ و ژینگەدۆست دەبەستێت کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەناو شارەکاندا و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و دابینکردنی ئامرازێکی سەلامەت و خێرا بۆ گواستنەوە بۆ هاووڵاتیان و کاڵاکان.
پلانە تەکنیکیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەمەندەفەرە کارەباییەکان بەپێی سیستەمێکی ئەوروپی کاردەکەن، بە خێرایی دیزاینکراو تا ٢٥٠ کیلۆمەتر لەیەک کاتژمێر بۆ شەمەندەفەرە نەفەر هەڵگرەکان و ١٤٠ کیلۆ مەتر لەیەک کاتژمێر بۆ شەمەندەفەرە بارهەڵگرەکان، بەمەش عێراق دەخاتە سەر نەخشەی ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی تۆڕی گواستنەوەی مۆدێرن و کارامەن.
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە ئەمە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ عێراق دەڕەخسێنێت وەک دەستکەوتێکی ئابووری فراوانتر.
بەپێی خەمڵاندنە فەرمییەکان، ڕێگای گەشەپێدان کاتەکانی گواستنەوەی دەریایی نێوان ئاسیا و ئەوروپا بۆ نزیکەی ١٥ ڕۆژ کورتدەکاتەوە، لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرچاوی تێچووی لۆجستی بە بەراورد بە ڕێگا دەریاییە تەقلیدییەکان.
هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەم پڕۆژەیە هەزاران هەلی کار دروست بکات و چالاکیی پیشەسازی و بازرگانی بەرەوپێش ببات، ئەمەش ڕاستەوخۆ ئابووری نیشتمانی ببوژێنێتەوە.
پڕۆژەی شەمەندەفەری کارەبایی پەیامێکی سیاسی و ئابووری ڕوونی هەڵگرتووە: عێراق هەوڵدەدات پێگەی جوگرافیای خۆی وەک سەرمایەیەک وەربگرێتەوە نەک بارگرانییەک.
ئ.ح