راپۆرتی شیكاری
پوختە
ئەم نوسينە بەدواداچوون
بۆ ئاسۆی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەکات لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە تشرینی
دووەمی 2025، کە تیایدا هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەمەد
شیاع سودانی زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام لەهەمان کاتدا ڕۆڵی چوارچێوەی هەماهەنگی
شیعە و کاریگەری نووری مالیکی زياتر بووەوە.
نوسینەکە باس لەوە دەکات
کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەبووە هۆی یەکلاکەردنەوەى لایەنى براوە تا میکانیزمی پێکهێنانی
حکومەت لە چوارچێوەی سازانێکی نوخبەیی ئاڵۆزدا دیاری بکرێت، سازانێک کە فاکتەرە
ناوخۆییەکانی هاوسەنگی شیعە و ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری و هێزە چەکدارەکان و کارەکتەرە
دەرەکیەکانی وەک ئێران و ئەمریکا ئاوێتەى یەک دەکات.
پوختە
بەهێزترین سیناریۆ هەڵبژاردنی
سەرۆکوەزیرانی سازش لەسەر کراوە کە بنکەیەکی لاوازی هەبێت، بژاردەیەک کە سەقامگیری
کورتخایەن مسۆگەر بکات بەڵام ناجێگیری لە حوکمڕانی بەردەوام دەکات و چاکسازییە پێکهاتەییەکان
دوادەخات.
1. بۆچی هەڵبژاردن
دەسەڵات لە عێراقدا دیاری ناکات؟
لە ساڵی 2003ەوە سیستمی
سیاسی عێراق لە چوارچێوەى دیموکراسییەتێکی تەوافوقی کەموکورت کاردەکات، کە تیایدا
هەڵبژاردن لەبەر ئەوەى ڕاەستکردنێکى ڕاستەقینەى دەسەڵات بێت، دووبارە دابەشکردنەوەى
هەژمونە لە نێوان دەستەبژێرە سیاسییەکاندا. لێرەدا خاڵی وەرچەرخانی سەرەکی، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵە لە ساڵی
٢٠١٠ کە گەورەترین فراکسیۆن بە براوە ئەژمار دەکات نەوەک وەک لیستی براوە، دەرەنجام:
أ. لاوازبوونی ڕۆڵی دەنگدەر.
ب. زاڵبوونی لۆژیکی موزایەدەی
سیاسی.
ج. زاڵبوونی هێزە ڕێکخراوەکان
کە تۆڕی کاریگەری قووڵیان هەیە.
2. هەڵبژاردنی
2025: سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا بە بێ چارەسەری سیاسی:
أ. پێگەى محەمەد شیاع
سودانی: سەرەڕای بەدەستهێنانی 46 کورسی، سودانی ڕووبەڕووی سێ کۆت و بەند و بەربەستی
بنەڕەتی دەبێتەوە، ئەوانیش نەبوونی زۆرینەی پەرلەمانی، خواستی چوارچێوەی هەماهەنگی
بۆ ڕێگریکردن لە بەهێزبوونى زۆرى سەرۆکوەزیران، هەروەها داوەرینی متمانە لە نێوان
کارەکتەرە سیاسییە شیعەکانی نزیک لە ئێران. هەوڵەکانی سودانی بۆ بنیاتنانی بنکەیەکی
سەربەخۆ لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە (هاوپەیمانییە ناوخۆییەکان و بەرەى سیاسی جیاواز) لە
بژاردەیەکی سازشکارەوە کردییە کارەکتەرێکی نیگەرانکەر بۆ هاوبەشەکان.
ب. دەرئەنجامەکانی نەبوونی
ڕەوتی سەدری: بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی موقتەدا سەدر هاوسەنگی نێوان شیعەکانی تێکدا،
باڵادەستی چوارچێوەی هەماهەنگی بەهێزتر کرد و فشاری کێبڕکێى کەمترکردەوە.
ج. چوارچێوەی هەماهەنگی:
ناوەندی بڕیاردانی ڕاستەقینە: چوارچێوەی هەماهەنگی چیتر تەنها هاوپەیمانییەکی هەڵبژاردن
نییە، بەڵکو: میکانیزمێکە بۆ هەماهەنگی نێوان پارت و گروپەکان، کەناڵێکە بۆ
دانوستان لەگەڵ ئێران، چەترێکە بۆ پاراستنی هەژموون. ڕاگەیاندنی گەورەترین کوتلە لە
تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بە کردەوە سیناریۆی ٢٠١٠ی بەرهەمهێنایەوە و لۆژیکی سندوقی دەنگدانی
پەراوێزخست.
د. نووری مالیکی: دەسەڵاتی
بێ پۆست: ئەو ئامرازە کاریگەرانەى کە مالیکی خاوەنییەتی: بەرەیەکى پەرلەمانی کاریگەر
(سەروەری یاسا)، پەیوەندی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان و کاریگەری لە سەر دەسەڵاتی دادوەری
و دامودەزگاکانی حکومەت. ئەمەش وای لێدەکات ببێتە بڕیاردەری کۆتایی و مەرج نییە
کاندیدی سەرۆک وەزیران بێت.
ه. شێوازی دووبارەبووەوە:
نمونەى باڵادەستی مالیکی: پشتگیریکردن لە سەرۆکوەزیرانێکی کاربەرێکەر، پاشان
لاوازکردنی کاتێک سەربەخۆیی سیاسی بەدەست دەهێنێت. ئەم نەخشە لەگەڵ عەبادی و عەبدولمەهدی
و ئێستاش لەگەڵ سودانی دووبارە بووەتەوە.
3. قەیرانەکانی ئەم
دواییە: بۆچی پێگەی سودانی لاواز بوو؟
أ. ڕووداوەکەی ناوزەند
کردنى حزبوڵڵا و ئەنساروڵا بە تیرۆریست: بەکارهێنانى دەستەواژەی تیرۆریست لە ڕۆژنامەی
فەرمیدا: وەک پێشێلکردنی گوتاری پێشوەخت لەسەرى پێکهاتوو سەیرکرا و بە دوورکەوتنەوە
لە هەڵوێستی ئێران لێکدرایەوە و بۆ لاوازکردنی شەرعیەتی سودانی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا
بەکارهێنرا.
ب. دۆسیەی ترەمپ: بانگەشەى
ترەمپ بۆ خۆ کاندیدکردنی بۆ خەڵاتی ئاشتی: دۆسیەی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی
چالاککردەوە، ئەمەش زیانی بە وێنەی سودانی گەیاند لەنێو هێزەکاندا و گوتارى بێ دیسپلینی
سیاسی سودانى بەهێزتر کرد.
4. فاکتەری دەرەکی:
ئێران و ئەمریکا
أ. ئێران: ئەولەویەتەکانی
تاران: سەقامگیری بەراورد بە چاکسازی، حکومەتێکی لاواز بەڵام دیسپلینکراو و رێگریکردن
لە هاتنەپێشەوەى کەسایەتییە سەربەخۆکان. ناوەکان گرنگ نین؛ کۆنترۆڵکردنی ڕەفتار
گرنگە.
ب. ئەمریکا: هیچ کاندیدێکی
ڕوونى نییە، گەڕانەوەی مالیکی بەدڵ نییە و بە سەرۆکوەزیرانێک کە کۆدەنگى لەسەر بێت
و دژ بە ئەمریکا نەبێت، کێشەى نییە.
5. سیناریۆکان:
سیناریۆی یەکەم: درێژکردنەوەی
مانەوەى سودانی لە دەسەڵات:
ئەگەر: کەم.
مەترسی: بەریەککەوتن لە
ناو چوارچێوەى هەماهەنگى.
سوود: بەردەوامی ڕێژەیی
دەسەڵاتێکى کاربەڕێکەر.
سیناریۆی دووەم: گەڕانەوەی
مالیکی
ئەگەری: سنووردار
مەترسی: دژایەتی لە لایەن
سەدر، گرژی کۆمەڵایەتی، نیگەرانی نێودەوڵەتی
سوود: یەکگرتوویی کاتی
چوارچێوەکە
سیناریۆی سێیەم: سەرۆک
وەزیرانێکى سازش لەسەرکراو
ئەگەری: بەرز (زۆرترین
ئەگەر)
تایبەتمەندیەکانی: نەبوونی
بنکەی جەماوەری، لە ڕووی ناوچەییەوە قبوڵکراوە و لە ڕووی سیاسییەوە لاوازە.
6. پەیامە ئەگەرییەکان:
بەردەوامی حوکمڕانی ناجێگیر، دواخستنی چاکسازییە بنەڕەتییەکان، قووڵبوونەوەی بۆشایی
متمانەی گشتی، بەهێزکردنی ڕۆڵی تۆڕە نافەرمیەکان
7. ڕاسپاردە:
أ. بۆ بڕیاردەرانی عێراق: چاوخشاندنەوە بە لێکدانەوەی گەورەترین فراکسیۆن، بێلایەنکردنی دەسەڵاتی دادوەری لە کێبڕکێی سیاسی
و ڕێکخستنی پەیوەندی حکومەت لەگەڵ هێزە چەکدارەکان.
ب. بۆ کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان: گرنگیدان بە چاکسازی دامەزراوەیی نەک تاکەکان، یارمەتییەکان
ببەستنەوە بە حوکمڕانیی، دوورکەوتنەوە لە پاڵپشتی تەنها بۆ سازانە کورتخایەنەکان.
ئەنجام
عێراقێکی دوای هەڵبژاردنەکانى
2025 بەرەو سازانی سیاسی هەنگاو دەنێت نەک چارەسەری سیاسی. سەقامگیری بە لاوازکردنی
دەسەڵاتی جێبەجێکردن جێبەجێدەکرێت نەوەک بەهێزکردنی؛ دۆخێک کە قەیرانەکە دوادەخات
نەک چارەسەری بکات.
